سەرکردەکانی ئەورووپا فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا زیاتر دەکەن

سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و پۆڵەندا، پشتگیری لە پێشنیازی ئاگربەستی 30 ڕۆژە لە ئۆکرانیا دەکەن، هاوکات بەڵێنیان داوە فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا چڕتر بکەنەوە تا بە پێشنیازی ئاگربەستەکە ڕازی بێت.

شەممە 10ـی ئایاری 2025، سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کیێڤی پایتەخەتی وڵاتەکە کۆبوونەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گوتی: وڵاتانی ئەورووپا پشتیوانیی لە کیێڤ دەکەن، هەروەها بڕیاریان داوە پشتگیری لە پێشنیازی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 30 ڕۆژە بکەن لەپێناو وەستانی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، کە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات.

هاوکات سەرکردەکانی ئەورووپا، هۆشدارییان دایە ڕووسیا، ئەگەر پێشنیازی ئاگربەست پێشێل بکات، ئەوا وڵاتانی ئەورووپا، بە هەماهەنگیی ئەمەریکا، سزای بەرفراوان بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئێندری سێبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی: سەرکردەکانی ئەورووپا دوای کۆبوونەوەکەیان لە کیێڤ، بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆیان کردووە.

ڕووسیا سەرکۆنەی هەڵویستی سەرکردەکانی ئەورووپا دەکات

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هەڵوێستی وڵاتانی ئەرووپای کرد و هەڵویستەکەی بە ڕووبەڕووبوونەوە ناوزەند کرد.

هاوکات گوتی: سەرکردەکانی ئەورووپا بە گشتی سەرنجیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەیە نەک دەستپێشخەرییەک کە بە ئامانجی وەستانی جەنگ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بێت.

جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی دەیەوێت ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا دابینکردنی چەک بۆ کیێڤ ڕاگرن، وەک مەرجی پێشوەختە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بۆ ماوەی یەک مانگ.

زێلێنسکی پێشتریش پەسەندکردنی ئاگربەستێکی بێ مەرجی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ ڕاگەیاندبوو، بۆ مەبەستی زانینی هەڵوێستی مۆسکۆ لە بەرانبەر پابەندبوونی وڵاتەکە بە ئاگربەستەکە. 

ترەمپیش هەڕەشەی دوو هێندەکردنی سزاکانی کردبوو ئەگەر هەریەک لەو دوو وڵاتە پابەندیی ڕێککەوتنی ئاگربەست نەبن.

لە کاتێکدا مۆسکۆ لە مانگی ئاداری ڕابردوو، ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی یەک مانگ ڕەت کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێویستی بە مەرج و لێکۆڵینەوەی زیاترە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment