لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان: له ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن نابێت په‌له بكرێت
"خوێندنی ئۆنلاین به‌باش نازانرێت"
K24 - هه‌ولێر:
له باره‌ی چاره‌نووسی پرۆسه‌ی خوێندن، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت پەلە نەکرێت لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێی زانکۆ و پەیمانگه‌کان، چونکە بارودۆخی تەندروستی هه‌رێمی کوردستان ئێستا لەبار نییە و خوێندنی ئەلیکترۆنی ناتوانێت شوێنی خوێندنی ناو کامپەس بگرێتەوه.
ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی 2020 - 2021 دەستیان پێکردووە، لەو پەیمانگانەی سەر بە وەزارەتی پەروەدەن قوتابی نوێ وەردەگیرێن، دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنیش بە رێکاری تەندرووستییە، بۆ ئەوەی بەریەكکەوتن و قەرەباڵغی دروست نەبێت، له‌م باره‌وه بەکر خالید، بەڕێوبەری پەیمانگه‌ی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر رایگه‌یاند، ماوەی دابەشکردنی فۆرم یەك مانگە، تاقیکردنەوەی وەرگرتنیش بە رێكاری ته‌ندروستی و خۆپارێزی ده‌بێت.
هاوكات لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، دەیەوێت پەلە لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگه‌کان نەکرێت، چونکە وه‌ك عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ری، سه‌رۆكی ئه‌و لێژنه‌یه گووتی: بارودۆخی تەندروستی لەبار نییە، خوێندنی ئۆنلاینیش بە باش نازانرێت، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکن، بۆ ئەوەی کاتێکی گونجاو و شێوازێکی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ دیاری بكه‌ن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێگه‌ی لیژنەیەکی باڵاوه کۆمەڵێك پێشنیازی بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار لە رۆژی دەستپێکردنی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگه‌کان بدەن.
H.B