تەنها یەک کلاسیکۆ بە درێسی دووەم ئەنجامدراوە

زیاتر لە 100 ساڵە یاری کلاسیکۆ لە نێوان ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا دەکرێت و یەکەم کلاسیکۆی مێژوو لە ساڵی 1902 بوو، بەڵام هەردوو یانە تەنها یەکجار لە مێژوو بە درێسی دووەم بەشداری یارییەکەیان کردووە.
لە کلاسیکۆی وەرزی 2021-2022 کە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تایبەت بە یانەی ریاڵ مەدرید بەڕێوەچوو، هەردوو یانە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکرا و بۆ جاری یەکەم لە مێژوو، بە درێسی دووەمی یانەکەیان بەشداریان کرد، یانە شاهانەکە بە درێسی رەش و یانە کەتەلۆنیەکەش بە درێسێک لەسەر شێوازی ئاڵای هەرێمەکەیان.
ئەم کلاسیکۆیە بێجگە لە شێوازی درێسەکانی هەردوو یانە، بەهۆی ئەنجامە گەورەکە و بردنەوەی بارسا بە ئەنجامی 4-0 لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مێژوو تۆمار کرا، لەو کاتەوە و پێشتریش هەرگیز هەردوو یانە بە درێسی دووەمیان بەشداریان لە یاری کلاسیکۆ نەکرد.
ئەو یارییە لە رۆژی 20ـی ئاداری ساڵی 2022 ئەنجامدرا، لەو ساڵەدا ریاڵ مەدرید تەمەنی بوو بە 120 ساڵ، هەربۆیە یانەکە بڕیاریدا شتێکی نوێ بکات. ئەویش یاریکردن بوو بە درێسی رەنگی رەش لە یاریگای خۆی، ئەمەش یەکەمجار بوو لە مێژوودا رووبدات. هۆکارەکەش وەکو رێزگرتنێک بوو بەرامبەر کۆمپانیای ئادیداس، کە سەدەی رابردوو بووە سپۆنسەری جل و بەرگی ئەو یانەیە.