وەزیری کشتوکاڵ: ئەمساڵ بنەتۆو بەڕێژەی %60ـی پاڵپشتیکراو بە جووتیاران دەدرێت

وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ کەرتی تایبەت 10 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە. هەروەها لە نێوان 1 بۆ 15ـ 10ـ 2025، دووبارە بنەتۆوی ئامادەکراو بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەدەینەوە.

یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وای کردووە ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان و چۆنیەتی خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پلانی خۆمان هەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا، کارمان لەسەر جۆری ئەو بنەتۆوانە کردووە کە بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن،  بۆیە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی دەکەم کە لە دووساڵی ڕابردوودا کاری جیددیان کردووە لەسەر جۆری ئەو تۆوانەی بەرگەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەگرن.

بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەش کردووە، ساڵی 2024 توانیمان شەش هەزار تۆن بنەتۆوی بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم بهێنین و دوای پاککردنەوە و لە گوشنان، بە نرخی پاڵپشتی دراوەتە جووتیاران، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ کەرتی تایبەت 10 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە.

گوتیشی: بە دوو پلەی جیاواز دەتوانین بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو لە جووتیاران وەربگرینەوە، 860 هەزار دینار بۆ پلەی باوەڕپێکراوی بنەتۆوی گەنم، 885 هەزار دینار بۆ پلەی تۆمارکراوی بنەتۆوی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرینەوە.

وەزیری کشتوکاڵ دەشڵێت: دەربارەی فرۆشتنەوەی بنەتۆوی گەنم ڕایدەگەیەنین لە نێوان 1 بۆ 15ـ 10ـ 2025، دووبارە بنەتۆوی ئامادەکراو بەناونیشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ بدەینەوە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمساڵ نرخی پاڵپشتیمان کردووەتە سەدا 60 لەسەر سەدا 2ـی بنەتۆو.

گوتیشی: ئەمساڵ بە جیاوازتر لە نرخی بازاڕ و هەرزانتر لەساڵانی ڕابردوو بنەتۆو بە جووتیاران دەفرۆشینەوە، کە بۆ بنەتۆوی باوەڕپێکراو بە 450 هەزار دینار بە جووتیاران دەفرۆشینەوە بۆ بنەتۆوی تۆمارکراویش بە 490 هەزار دینارە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment