داهاتی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆ بۆ نیوە دابەزیوە

یانەی بارسێلۆنا ئەمڕۆ یەک شەممە رێککەوتی 11ـی ئایاری 2025 لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی دووەمی لالیگا و گەڕی 35ـی خولەکە، لە یاریگای مۆنجویک میوانداری ریاڵ مەدرید رکابەری دێرینەی دەکات.
رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، ساڵانی رابردوو پێش ئەوەی یاریگای کامپ نۆ نۆژەن بکرێتەوە، نزیکەی 100 هەزار هاندەر بۆ بینینی یاری کلاسیکۆ ئامادە دەبوون، بەڵام ئەم وەرزە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە و گواستنەوەی کلاسیکۆ بۆ یاریگای مۆنجویک، داهاتی یانەکە لە یاری کلاسیکۆ بۆ نیوە دادەبەزێت.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە نرخی هەرزانترین بلیتی یاری کلاسیکۆ لە نێوان بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید 150 یۆرۆیە، هەروەها نرخی گرانترین بلیتی یارییەکەش گەیشتووەتە نزیکەی 1250 دۆلار. یاریگای مۆنجویک کە تایبەتە بە شارەوانی شاری بارسێلۆنا، شوێنی نزیکەی 43 هەزار هاندەر دەگرێت، لە کاتێکدا یاریگای کامپ نۆ شوێنی زیاتر لە 90 هەزار هاندەر دەگرێت.