ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی پۆلی نۆ لە قوتابخانە ئاینییەکان دەستی پێکرد

لە هەرێمی کوردستان 21 قوتابخانەی ئایینی هەن و 264 قوتابیش بەشداری تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییان کرد.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی خولی یەکەم لە قوتابخانە ئاینییەکان دەستی پێکرد.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان 20 قوتابخانەی ئایینی هەن، سەرجەمیان سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین، 264 قوتابی ئەمڕۆ بەشداری تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی کرد.
لەگەڵ ئەو 20 قوتابخانە ئاینییە، دوو پەیمانگای ئایینی دیکە هەن سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، زیاتر لە 100 مامۆستای تایبەتییان هەیە.