ئالۆنسۆ 3 كەس لە لیڤەركووزنەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێتە ریال مەدرید
ئالۆنسۆ بە پاڵپشتی دوو كەتەلۆنی و كەسێكی ئارجێنتینا دەیەوێت ریال مەدرید بەرەو پێشببات
بە گوێرەی تەواوی راپۆرتە هەواڵەكانی ئیسپانیا و ئەڵمانیا یانەی ریال مەدرید لەسەر هەموو شتێك لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ رێككەوتووە و ئەو راهێنەرە لاوە بۆ وەرزی داهاتوو 3 كەس لەگەڵ خۆی دەهێنێت و شوێنی ستافەكەی ئانچیلۆتی دەگرنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12 ئایاری 2025، فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی ناوداری ئیتاڵیا ئاشكرای كرد پەیوەندی نێوان ریال مەدرید و چابی ئالۆنسۆ تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە و راهێنەرەكەی پێشووی لیڤەركووزن بۆ وەرزی داهاتوو دەبێتە راهێنەری یانەی ریال مەدرید و گرێبەستەكەشی تا 2028 دەبێت.
رۆژنامەی ماركا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەموو ئامانجی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید دەستبەكاربوونی چابی ئالۆنسۆ و گواستنەوەی ئەلێكساندەر ئارنۆڵد بوو بۆ ئەوەی ئامادەیان بكەن بۆ مۆندیالی یانەكان كە بڕیارە لە مانگی 7ـی ئەمساڵ بە بەشداریی ریال مەدرید لە ئەمریكا بەڕێوە بچێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا ئاشكرای كردووە چابی ئالۆنسۆ 3 كەس لە ستافەكەی لە لیڤەركووزنەوە بۆ ریال مەدرید دەگوازێتەوە، كە پێكهاتوون لە یاریدەدەرەكەی سێبستیان پاریلای ئارجێنتینا پێشتر لەگەڵ تیپی خوار 17 ساڵانی ریال مەدرید و دوو ساڵیشە لیڤەركووزن لەگەڵ ئالۆنسۆ كاری كردووە.
ئیسماعیل لۆپێزی كەتەلۆنی راهێنەری توانای جەستەیی لیڤەركووزن لەگەڵ ئالبێرتۆ ئینسیانسی كەتەلۆنی كە ئەویش راهێنەری توانای جەستەییە لە لیڤەركووزنەوە هاوشانی ئالۆنسۆ پەیوەندی بە ریال مەدرید دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە ئانچیلۆتی هاوشانی دەیڤدی كوڕی یانەكە جێدەهێڵن و تەنیا ئانتۆنیۆ پینتۆسی راهێنەری توانای جەستەیی ریال مەدرید دەمێنێتەوە.