هاندەرانی ریاڵ مەدرید سەرۆکی یانەکەیان تۆمەتبار دەکەن

هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا توڕەن بەرامبەر ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی یانەکەیان، بەشێکی زۆریان هۆکاری سەرەکی ئەنجامە لاوازەکان، بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکەیان دەگەڕێننەوە، لەبەر ئەوەی رێگەی نەدا هێچ یاریزانێکی نوێ پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی نزیک لە یانە شاهانەکە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی مێرنگی وەک هەمیشە بڕیاریاندا لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی رابردوو هیچ چالاکیان نەبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کێشەکانی هێلی بەرگری تیپەکە بەروونی دیار بوون. دانی کارڤاخال و ئێدەر میلیتاو پێکانیان هەبوو و ئەم وەرزە بەشداری هیچ یارییەکیان نەکرد. دەیڤید ئالابا ئەو بەرگریکارەش بە تەواوەتی لە پێکانەکەی رزگاری نەبوو و ئانتۆنیۆ ڕودیگەریشی هاتە سەر.
ئەم دۆخە نالەبارە نەیتوانی بیروڕای بەرپرسانی مێرنگی بگۆڕێت و هیچ یاریزانێکی نوێیان بۆ تیپەکە زیاد نەکرد. ئەگەرچی ئانچیلۆتی راهێنەر داوای بەهێزکردنی هێلی بەرگری دەکرد، بەڵام هەڵوێستی یانەکە روون بوو، هیچ کڕینێک ناکرێ. دواجار کێشەی هێلی بەرگری یانەکە، وایکرد ئەم وەرزە بە گشتی و قۆناغی دووەم بە تایبەت، یانەکە ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبێت.
بەشێک لە هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید دوای شکستەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا، فلۆرێنتینۆ پێرێز بە هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی یانەکەیان دەزانن و داوا دەکەن دەست لەکار بکێشێتەوە و بەشێکیش داوا دەکەن ئەم هاوینە، کۆمەڵێک یاریزانی نوێ و باش بگوازنەوە ریزەکانیان.