ئانچێلۆتی بە فەرمی بووە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل

کارلۆ ئانچێلۆتی
کارلۆ ئانچێلۆتی

کارلۆ ئانچێلۆتی دواجار بە فەرمی وازهێنانی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا رایگەیاند، راهێنەرە ئیتاڵیەکە دوای وازهێنانی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانە شاهانەکە، بە شێوەیەکی فەرمی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیلی گرتە ئەستۆ.

فێدراسیۆنی تۆپی پێ بەڕازیل لە راگەیێندراوێکی فەرمی بڵاویکردەوە، لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی ئیتاڵی گەیشتنە رێککەوتن و ئەو راهێنەرە تاوەکو مۆندیالی 2026 راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دەکات. سەرچاوەکان بلاویان کردووەتەوە کارلیتۆ بڕیارە رۆژی 25ـی ئەم مانگە وەکو راهێنەری نوێ سلیسائۆ دەست بە پۆستە نوێیەکەی بکات.

هەڵبژاردەی بەڕازیل سەرقاڵی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتووە و لە کۆی 14 یاری لە ئەمریکای باشوور، خاوەنی 21 خاڵە و لە پلەی چوارەمی کۆمەڵەی ئەمریکای باشوور دێت. سامبا چوار یاری ماوە و یاری داهاتوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دەبێتەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013 وەکو راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید دەست نیشانکرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ راهێنەرایەتی یانە ئیسپانیەکەی کرد، پاشان لە ساڵی 2021 دووبارە گەڕایەوە و بووە بە راهێنەری یانە شاهانەکە و لە ماوەی راهێنەرایەتی لەگەڵ ئەو یانەیەش، توانی 15 ناسناو بەدەست بهێنێت.

 
Fly Erbil Advertisment