وەزارەتی دارایی و ئابووری: بۆ مانگی ئایار زیاتر لە 12هەزار خانەنشین مووچەی پێنج مانگیان وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری دارایی داوایکردووە، پەلە بکرێت لە تەواوکردنی دۆسیەی خانەنشینان، داوا لە وەزارەت و فەرمانگەکان کراوە دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کەبڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە. 

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە مانگی شوباتەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 10 هەزارو 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواو کراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی دیکە، ناوەکانیان داخلی لیستی مووچە دەکرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەشڵێت:  داوا لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەکەین بەزوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کەبڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە و پەلەبکرێت لە دەرکردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەکان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment