کشتوکاڵی هەولێر چاندنی گەنمەشامی قەدەغە کرد

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، چاندنی گەنمەشامی ئاو و کارەبایەکی زۆری دەوێت، هەر بەهۆی کەمیی ئاوی ژێر زەوی، ئەمساڵ داچاندنی گەنمەشامی قەدەغەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "بەهۆی کەمبارانی و کەمیی ئاوی ژێر زەوی، ئەمساڵ چاندنی گەنمەشامی قەدەغەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: گەنمەشامی ئاوێکی زۆر و کارەبایەکی زۆری دەوێت، ئەمساڵ ئەگەر کێشەی کارەباشمان پێ چارە بکرێت، کێشەی ئاومان پێ چارە نابێت.
دەشڵێت: ئەو بابەتە لە ڕووی زانستییەوە هەڵسەنگاندنی زۆری بۆ کراوە، بەرهەمەکە بڕێکی زۆر ئاوی دەوێت، ئێمەش بە ئامانجی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، ئامۆژگاری و ڕێنمایی بە جووتیاران دەدەین، لەجیاتی گەنمەشامی سەوزە و میوە بچێنن.
گەنمەشامیش یەکێکە لەو بەربوومانەی لە ڕووی کەرتی ئابوورییەوە، بەراوردی بکەی، بڕێکی زۆر ئاوی دەوێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هەولێردا نییە، ئەمساڵ ئەو بەرهەمە بچێنرێت.
ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنمەشامی 60 هەزار تۆن بوو و زیاتریش دەبوو، بەرهەمی ناوخۆی پڕ کردبووە و ڕێگەی بە هاوردەکردنی نە دەدرا، چونکە گەنمەشامی جگە لەوەی وەک خواردن سوودی لێ دەبینرێت، بۆ ئالیکیش بەکار دەهێنرێت، بۆ ئەوەش چەندان کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیکی پەلەوەر و ئاژەڵ دامەزراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر، چەندان کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان هەلی دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی گەنمەشامی بە وەبەرهێنەران داوە، بەڵام تا ئێستا دەستپێشخەریی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ ئەو بابەتە نەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی مۆڵەتی پرۆژەی کارگەی ئالیک 26 مۆڵەتە و ژمارەی مۆڵەتی کارگەی وشکردنەوەی گەنمەشامی 3 مۆڵەتە. گوتیشی: بەشی زۆری کارگەکانی ئالیک، ئامێری وشکردنەوەی گەنمەشامیان هەیە.