بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە: لە ڕووی شەرعەوە بەدەل حەج قەبووڵ نییە
کاروان ستوونی: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین فریو نەخۆن، هەر کۆمپانیایەکیش بانگەشەی بەدەل حەج بکات مۆڵەتی کارکردنی لێوەر دەگیرێتەوە
گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان لە بارەی بەدەل حەج ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ئەو کەسەی بەدەل حەج دەکات، دەبێت لە ڕووی شەڕعەوە حەقی حەجەکەی پێ بدرێت و خەرجی خێزانەکەشی بکرێت تاکوو لە بەجێگەیاندنی فەریزەکە دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕایگەیاند "بەدەل حەج بۆ کەسانی پەکەوتوو یاخود نەخۆش دەکرێت، واتە ئەو کەسانەی کە خۆیان ناتوانن خۆیان بچن فەریزەکە بەجێ بگەیەنن، ئەوە بەدەل حەج بۆ ئەو کەسانە دەکرێت."
دەشڵێت: ئەو بەدەل حەجەی ئێستا دەکرێت لەبری کەسی مردوو یاخود کەسی پەککەوتە، ئێمە گومانمان لەسەری هەیە و وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، پار ساڵ خەڵکێکی زۆر بە ڤیزەی گەشتیاری بۆ گەشتی عومرە و حەج و بۆ کێوی عەرەفە چوون، کە کرۆکی حەجە، بەڵام ئەمساڵ ڕێکارییەکانی سعوودیە زۆر توندە، ئەگەر ڤیزای حەجی نەبێت ناتوانێت سەردانی سعوودیە بکات و ڕووکنی سەرەکی حەج بەجێ بگەیەنێت.
دەشڵێت: ئەگەر هاووڵاتییەکی سعوودی بیەوێت حەج بۆ خۆی بکات، دەبێت 3 هەزار دۆلاری ئەمەریکی بداتە حکوومەتی سعوودیە تاکوو مۆڵەتی حەج وەردەگرێت، جا بگاتە ئەوەی ئەو کەسەی حەج دەکات، خەڵکی یەمەن، یاخود میسر، پاکستان، هیندستان یان هەر وڵاتێکی دیکە بێت. ئەو کەسانە دێنە ناو هۆتێلی عێراقییەکان یان هۆتێلی وڵاتانی دیکە، دەڵێن؛ ئێمە بەدەل حەجتان بۆ دەکەین بە 300 دۆلار و قوربانیشی لەگەڵدایە، کوشتنەوەی ئاژەڵ لەوێ نرخەکەی زیاتر لە 100 دۆلارە، جا چ بگات بەوەی ئەو کەسە مەترسی لەسەر ژیانی خۆی دروست بکات و بەبێ مۆڵەت بچێتە کێوی عەرەفە بۆ 200 دۆلار و دەبێت سێ ڕۆژ خەریکی ڕێوڕەسمی حەج بێت.
ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان لە سۆشیال میدیا و هەندێک کۆمپانیا ڕیکلام دەکەن، بۆ بەدەل حەج بە 400 دۆلار، ئەگەر 100 دۆلار قازانج بکات، ئەوە لە ڕووی نرخەوە بەهایەکی ئەوتۆی نییە، بۆیە ئێمەش ڕامانگەیاندووە بەدەل حەجی ئەمساڵ هیچ بنەمایەکی نییە و ئەگەر بێت و هەرکەسێک ئەم کارە بکات، ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین و ڕێکاری یاسایی دژی دەگرینەبەر، ئەگەر کۆمپانیا بێت، مۆڵەتی کارکردنی لێوەردەگرینەوە.
گوتیشی: سعوودیە تەنیا مامەڵە لەگەڵ زیارەتکاری فەرمی دەکات و ڕاشیگەیاندووە، حەجکردن ئەو حەجەیە کە لە ڕێگەی وڵاتانەوە دابین دەکرێت، بەهیچ شێوەیەک هیچ پشکێک بۆ بەدەل حەج دانەنراوە، ئەگەر کەسێک بەدەل حەج بکات و مۆڵەتی نەبێت و لەو کاتەدا دەستگیر بکرێت، 20 هەزار ڕیال سزا دەدرێت، کە دەکاتە نزیکەی 5 هەزار دۆلار، هەربۆیە هیچ کەسێک ئەو مەترسییە لە ئەستۆ ناگرێت، لە پێناو 200 دۆلار، پاسپۆرتەکەی مۆری قەدەغەی گەشتی بۆ ماوەی 10 ساڵ لێ بدرێت و نەتوانێت سەردانی ئەو وڵاتە بکاتەوە.
باسی لەوەش کرد، بەدەل حەج ناکرێت، چونکە ئەو کەسەی بەدەل حەج دەکات تەنیا بۆ یەک کەس ناکات، بەڵکو بۆ چەند کەسێک دەکات، نموونەکانیش لەناو سۆشیال میدیادا هەیە. ئەوەش لە ڕووی شەڕعەوە ڕێگە پێدراو نییە.
دەشڵێت: لە کوردستان، ئەگەر کەسێک یاخود دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڕیکلام بکەن، ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە و ئەو کۆمپانیانەی خۆشمان کە ئەمساڵ دێنە حەج بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە کە پابەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە دەبن.
کاروان ستوونی دەڵێت: نامانەوێت پارەی خەڵکی بە هەدەر و بە فیڕۆ بچێت و فریو بدرێن.
ئەوەشی خستە ڕوو لە ڕووی شەرعیشەوە بەدەل حەج هەیە و لە بنەڕەتدا ئەو کەسەی بەدەل حەج دەکات دەبێت پێشتر حەجی کرد بێت، بەڵام ئەو بەدەل حەجەی ئێستا دەکرێت، بۆ خودی کەسەکە ناکرێت و ئەوەی دەکرێت تەنیا مەبەست لێی بازرگانییە، چونکە ئەگەر مۆڵەتی حەج بە سێ هەزار دۆلار بێت، چۆن کەسێک بە 300 دۆلار دەیکات.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە ڕاشیگەیاند "ئەگەر بێتو کەسێک ڕاسپێری بەدەل حەج بۆ کەسی پەککەوتە یاخود مردوو بکات، دەبێت حەقی حەجەکەی لە ڕووی شەڕعەوە پێ بدەی و خەرجی ماڵەوەشی بکەی تاکوو دەگەڕێتەوە ئەوە بەدەل حەجە دروستەکەیە."