بارسێلۆنا پێش رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیۆل گورزێکی کاریگەری بەرکەوت
ئەم وەرزە بۆ ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا کۆتاییهات

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی گورزێکی کاریگەری بەرکەوت، پێش رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیۆل لە گەڕی 36ی لالیگا.
بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ریخۆڵە کوێرە بۆ فێران تۆرێسی هێرشبەری بارسێلۆنا، یانە کەتەلۆنییەکە لە توانای یاریزانە ئیسپانییەکە بێبەش دەبێت.
بەپێی هەواڵیکی رۆژنامەی موندۆ دیپرۆرتیڤۆی ئیسپانی، بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ فێران کراوە، یاریزانەکە ناتوانێت لە سێ یاریی داهاتووی بارسێلۆنا بەشداریی بکات و ئەم وەرزە بۆ ئەو کۆتایی هات.
رۆژنامەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، یاریزانەکە ناتوانێت لە قۆناغی پێش کۆتایی نەیشنزلیگ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداریی یاریی بەرامبەر فەرەنسا بکات، کە رۆژی 5ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت.

هانزی فلێكی راهێنەری بارسێلۆنا، لە کۆتا یارییەکانی یانەکەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە تۆرێس دەبەست هەرچەندە لیڤاندۆڤسکی هیچ پێکانێکی نەبوو.
فێران تۆرێس تەمەنی 25 ساڵە و لە 2022 لە مانچێستەر سیتییەوە بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ رووی کردە بارسێلۆنا، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 28 ملیۆن یۆرۆیە.