ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و سزاکەش بەرهەمهێنانی ناوخۆی پێکهاتەکانی مووشەکی بالیستیکی گرتووەتەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "سزاکان بەسەر شەش کەس و 12 قەوارەدا سەپێندراوە، کە هاوکاریی ئێرانیان کردووە لە بەرهەمهێنانی کەرەستە سەرەکییەکانی مووشەکی بالیستی."
وەزارەتی گەنجینە ڕوونی کردووەتەوە، ئەو کەسانەی سزاکانی ئەمەریکا دەیانگرێتەوە، لە ئێران و چینن، پشتیوانیی لە دەستە جیاوازەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن، کە سەرپەرشتی پەرەپێدانی کەرەستەی کاربۆنی پێویست بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ دەکەن.
ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە سەپاندنی سزای نوێ، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن و تاران دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر زیاتر لە 20 کۆمپانیادا سەپاند، کە بە گوتەی خۆی لە مێژە نەوتی ئێرانی بۆ چین دەگوازنەوە.