ئۆکرانیا: سێیەم فڕۆکەی جەنگی F-16 ئەمەریکی کەوتە خوارەوە
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەیەکی جەنگی F-16ـیان لەدەستداوە.
هەینی، 16ـی ئایاری 2025، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند: بەهۆی بارودۆخێکی نائاسایی لەناو فڕۆکەیەکی F-16 ئەمەریکیدا، فڕۆکەکە کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام فڕۆکەوانەکە بەسەلامەتی دەرچووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، دۆخێکی نائاسایی لەناو فڕۆکەکەدا ڕوویداوە، فڕۆکەوانەکە توانیوویەتی فڕۆکەکەی لە شوێنی نیشتەجێبوون دووربخاتەوە و خۆشی بەسەلامەت دەرچووە.".
ئەمە سێیەم فڕۆکەی جەنگی F-16ـی ئەمەریکییە لە ساڵی ڕابردوودا لە ئۆکرانیا بکەوتە خوارەوە یان بخرێتە خوارەوە.
پێشتریش بەشی ئۆکراینی بی بی سی بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکوومەتی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، مووشەکەکانی ڕوسیا فڕۆکەیەکی جەنگی F-16یان لە ئاسمانی ناوچەی سومی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا خستە خوارەوە و فڕۆکەوانێکی ئۆکراینی کوژرا.