سەربازێکی پێشووی ئەمەریکا: کۆمپانیا سەربازییە ئەمەریکاییە تایبەتەکان هاووڵاتیانی عێراقییان کوشتووە

سەربازێکی خانەنشینکراوی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان لە ماوەی دەیەی یەکەمی سەدەی 21، دەستیان لە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی عێراقدا هەبووە، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش وای کرد عێراقییەکان سەربازانی ئەمەریکا بە بەرپرسیار بزانن لەم پێشێلکاریانە.

سەربازە خانەشینکراوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی 'نۆڤۆستی' گوتووە: پێشتر لە عێراق و یوگۆسلاڤیا شەڕی کردووە و شایەتحاڵی کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر دەرکەوت کە تاوانباران سەربازی ئاسایی ئەمەریکی نین، بەڵکو بەڵێندەری کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکانن.

ئەو سەربازە دەشڵێت: "بەڵام چۆن جیایان بکەیتەوە؟ جلوبەرگیان وەک یەکە، هەمان  چەک بەکار دەهێنن و زمانەکەشیان ئینگلیزییە، بۆ خەڵکی ناوچەکە هەر پیاوێک لەهجەی ئەمەریکی هەبێت و چەکێکی هەڵگرتبێت بە دوژمن دادەنرێت."

ئەو سەربازییە خانەنشینە ڕوونیشی کردەوە، ئەندامانی ئەم کۆمپانیایانە بەتایبەتی بلاک واتەری ئەمەریکایی، سەرەڕای تێوەگلانیان لە تاوانەکانی دژی هاووڵاتیانی سڤیل، سەرەتا هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایییان لەسەر نەبووە، ئاشکراشی کرد "کارەکانیان نەک تەنیا مەترسی لەسەر دانیشتوانی سڤیل دروست کردبوو، بەڵکو مەترسی خستبووە سەر سوپای ئەمەریکاش، چونکە ڕقیان لە هەموو شتێکی ئەمەریکی زیاتر بوو، جا فەرمی بێت یان سەربازی گرێبەست."

جەختیشی کردەوە "دواتر هەندێک لە ئەندامانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئاسایش لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا، ژمارەیەکیشیان سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام مەودای کێشەکە زۆر زیاتر بوو لەو دادگایی کردنیان."

کۆمپانیای بلاک واتەری ئەمەریکای بە تۆمارە مشتومڕاوییەکانی ناسراوە و پەیوەندی بە تاوانەکانی جەنگەوە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەیە.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment