ئێن بی سی: ئیسرائیل ترسی لە ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران هەیە

ئاڵای ئێران (ڕاست) ئاڵای ئیسرائیل (ناوەڕاست) و ئاڵای ئەمەریکا (چەپ)
ئاڵای ئێران (ڕاست) ئاڵای ئیسرائیل (ناوەڕاست) و ئاڵای ئەمەریکا (چەپ)

تۆڕی هەواڵی 'ئێن بی سی'ـی نیوزی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتکدا ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی بەپەلەی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی پرسی ئەتۆمی، دەترسێت.

بەگوێرەی هـــــەمان ســەرچاوە، ئیسرائیل نیگەرانی ئەوەیە، سەرکردەکانی عەرەب دۆناڵد ترەمپیان ڕازی کردبێت بەوەی ڕێککەوتنێکی بەپەلە لەگەڵ ئێران بکات و ئیسرائیل پشتگوێ بخات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەچوونی بۆ ئیسرائیل، نیشانەی ئەوەیە حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لە لایەن ئەمەریکاوە پشتگوێ خراوە.

دوێنێ هەینی، 16-05-2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاند، هیچ پێشنیازێکی نووسراویان لەلایەن ئەمەریکاوە پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیشی کردەوە "پەیامی تاران ڕوونە، سزاکان هەڵبگرن، ڕێککەوتن دەکەین." ئاماژەی بەوەش داوە، ئێران لە هیچ سیناریۆیەکدا دەستبەرداری ئەو بەرنامە ئەتۆمییە نابێت کە بەسەختی کاری بۆ بەدەستهێنانی کردووە و مەبەست لێی ئاشتییە.

ڕۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییەوە پێشوازیی لێ کرا. دواتر چووە ئیمارات و قەتەریش و چەندان ڕێککەوتنی ئابووریی و دارایی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە ئیمزا کرد.