پوتن داوا لە سەرکردەکانی عەرەب دەکات بەشداریی لوتکەی ڕووسیا-عەرەبی بکەن
کرێملن ىڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بانگهێشتی سەرکردەکانی عەرەبی و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کردووە، بۆ بەشداریی لە یەکەمین لوتکەی ڕووسیا و عەرەبی کە بڕیارە لە 15ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە پەیامێکدا گوتی: بۆ بەردەوام بوون و پتەوکردن و گفتوگۆی بونیادنەر لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، دەمەوێت بانگهێشتی سەرجەم سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەکەتان بکەم. هەروەها سکرتێری گشتی کۆمەڵەکەش، بۆ بەشداریی لە یەکەم کۆبوونەوەی لوتکەی ڕووسیا و عەرەبی، کە بەنیازین لە 15ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەی ببەین.
پوتن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم لوتکەیە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی هاوکارییە سوودبەخشەکانی هاوبەش و فرەلایەنەی نێوان هەردوولا، هاوکات یارمەتیدەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
سەرۆکی ڕووسیا ڕاشیگەیاند، لوتکەی عەرەبی لە بەغدا "لە کاتێکی زۆر سەختدا بەڕێوە دەچێت، بەو پێیەی پەرەسەندنی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی، گرژییەکانی زیاتر کردووە و زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەتر کردووە."
پوتن دووپاتی کردەوە، ڕۆڵی کۆمکاری عەرەبی لەم جۆرە هەلومەرجەدا هێندەی تر گرنگتر دەبێت، چونکە وەک میکانیزمێکی کاریگەر بۆ گفتوگۆ و هاوکاری فرەلایەنە دەبینرێت.
سەرۆکی ڕووسیا باسی لەوەش کردووە، مۆسکۆ بە توندی پشتگیریی لە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییە بەکۆمەڵەکانی وڵاتانی عەرەبی دەکات، چ لە چوارچێوەی کۆمکاری عەرەبی بێت، چ لە ڕێگەی فۆرماتی دیکەوە بێت، بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی ئێستا لە ناوچەکەدا.