کاروانی دووەمی حاجیانی کوردستان بەڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن

بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی کوردستان ئەمڕۆ زیاتر لە 950 حاجی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ بەڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕی دەکەون.
شەممە، 17ـی ئایاری 2025، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاروانی دووەمی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەخەین.
گوتیشی: دوێنێ حاجیانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن، هاوکات ئەمڕۆش 951 حاجی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ بەڕێگەی وشکانی بەرە و سعوودیە بەڕێ دەخەین.
ئاماژەی بەوش کرد، کارەکان بەڕێک و پێکی بەڕێوە دەچێت، ئێمە یاوەریی حاجیان دەکەین تاوەکوو بازگەی پردێ لەوێشەوە ڕادەستی حکوومەتی عێراقیان دەکەین، هەروەها ئەو حاجیانە ئەمشەو لە کەربەلا دەمێننەوە، بەیانیش بەرەو سنووری عەرعەر بەڕێ دەکەون.
ڕوونیشی کردەوە، کۆی حاجیانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان، 5136 حاجیە، 1646 حاجیمان بەڕێگەی وشکانی گەشت دەکەن، ئەوانی دیکەش کە دەکاتە 3490 حاجی، بەڕێگەی ئاسمانی گەشت دەکەن.