مەسعود پزیشکیان: دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین بەڵام لە هەڕەشەکانیان ناترسین
"باوەڕ بە کام قسەی ترەمپ بکەین، ئایا باوەڕ بە پەیامی ئاشتی یان پەیامی کوشتن بکەین؟"
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازی و زانستی و ئەتۆمییەکانی نابێت.
شەممە، 17ـی ئایاری 2025، مەسعود پزیشکیان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ دژ بەیەکن، چونکە لەلایەک باسی ئاشتی دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەڕەشەی شەڕ دەکات."، گوتیشی: دانوستان دەکەین، بەڵام لە هەڕەشە ناترسین و دەستبەرداری مافەکانمان نابین.
باسی لەوەش کرد "ئێمە لە ئێستا دانوستان دەکەین و بەدوای شەڕدا نین، بەڵام لە هیچ هەڕەشەیەک ناترسین. ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازی و زانستی و ئەتۆمییەکانی نابێت."
سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونیشی کردەوە "هەڕەشەکان ناتوانن ناچارمان بکەن لە مافە ڕەواکانمان پاشەکشە بکەین، تۆمەتبارکردنی ئێران بە دروستکردنی ناسەقامگیریی ناوچەکە، دەگەڕێتەوە بۆ فشار و خۆبەزلزانینی زلهێزە دەرەکییەکان."
پزیشکیان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەو کەسەی بانگەشەی بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، پشتگیریی لە ئیسرائیل دەکات، کە کۆمەڵکوژی لە غەززە کرد و 60 هەزار کەسی کوشت و ئاو و خۆراکی لە دانیشتوان بڕی.
پزیشکیان دەشڵێت "ترەمپ قسەی کردووە جگە لە خۆی کەس باوەڕی پێ ناکات، نازانین باوەڕ بە کام قسەی بکەین، ئایا باوەڕ بە پەیامی ئاشتی یان پەیامی کوشتن بکەین؟"