ئاراوخۆ بەڵێنێكی زەحمەت بە هاندەرانی بارسێلۆنا دەدات

ئاراخۆ دڵنیایی بە هاندەرانی بارسێلۆنا دەدات بۆ هێنانەوەی ئەو نازناوەی دەمێکە چاوەڕێی دەکەن

رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری بارسێلۆنا
رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری بارسێلۆنا

رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا لەکاتی ئاهەنگی بوون بە پاڵەوانی لالیگا بەڵێنێك بە هاندەرانی یانەکەی دەدات.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بەشێك لە دیارترین قسەکانی ئاراوخۆی بڵاوکردووەتەوە، کە گوتوویەتی "هاندەرانی بارسێلۆنا زۆر بە گڕوتینن، لە یانەکە ژمارەیەکی زۆر ئەستێرەمان هەیە و پێیان دڵخۆشین، هەموومان لێرەین بۆئەوەی کاتە قورسەکانتان بۆ بگۆڕین بە کاتە جوانەکان"

بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا تەنیا پێویستمان بە چامپیۆنزلیگە و نازناوەکە شایستەی ئێمە و هاندەرانی یانەکەمانە، دڵنیابن دەیگەڕێنینەوە، متمانەتان بە ئێمە هەبێت بە دڵنیاییەوە چامپیۆنزلیگ دێنینەوە بۆ بارسێلۆنا"

ئاراوخۆ زیاتر قسەی کردووە گوتوویەتی: وەرزێکی سەرسوڕهێنەرمان بەڕێکرد و قوربانی زۆرمان دا، بەڵام یانەکە و هاندەران شایانی ئەو دەستکەوتانەن، لە سەرەتای وەرز کەس گرەوی لەسەر نەدەکردین، کەچی ئێستا پاڵەوانی لالیگاین.

یاریزانە ئۆرۆگواییەکە لە کۆتایی قسەکانی باسی ئەوەی کردووە: یانەکە پایە گرنگەکانی گۆڕیوە، ستافێکی تەکنیکی سەرسوڕهێنەرمان هەیە، چارەسەرکارە فیزیاییەکانمان نایابن، راهێنەرە جەستەییەکانمان ناوازەن، هەموو یاریزانەکان خاوەنی بەهرەی بێوێنەن، ئێمە ئەکادیمیای خەیاڵی لاماسیامان هەیە.

رۆناڵد ئاراوخۆ تەمەنی 26 ساڵە، لە ئۆکتۆبەری 2020 سەرخراوە بۆ تیمی یەکەمی بارسێلۆنا، بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 50 ملیۆن یۆرۆیە.

سڵێفی رۆناڵد ئاراوخۆ لەگەڵ هاندەرانی بارسێلۆنا لە ئاهەنگی بردنەوەی لالیگا

 

 
 
Fly Erbil Advertisment