داهاتی کەرتی گەشتوگوزار لە سۆران 300 ملیۆن دۆلاری تێ پەڕاندووە
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، داهاتی ساڵانەی کەرتی گەشتوگوزار لە سۆران 300 ملیۆن دۆلاری تێ پەڕاندووە.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەیان شوێنی گەشتیاری و هاوینەهەوار هەن کە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق گەشتیار سەردانیان دەکەن. بەهۆی بوژانەوەی کەرتی گەشتیاریی لەو سنوورە سەدان هەلی کاری جیاواز ڕەخساوە و ئابووریی ناوچەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
ئارام سورچی، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌یەکی گه‌شتیارییە لە پڕژێی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی کە ساردترین ناوچەی کوردستانە و دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕوویەکەوە هاوکاریی ئێمەی کردووە؛ پێدانی مۆڵەت، دابینکردنی کارەبای نیشتمانی و ئەمنییەت. لە سایەی حکوومەتەوە، کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەمان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاسانكاری بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئامانجی زۆری پێكاوه.
د. فه‌یسه‌ل سادق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری سۆران ڕایگەیاند "بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، هەلی کاری بۆ گەنجانی ناوچەکە ڕەخساندووە. لە لایەکی دیکەوە، کەتی ئابووری و ئاڵوگوڕیی بازرگان‌یش زیاتر کردووە."
دواین ئاماری گه‌شتوگوزاری سۆران ده‌ری ده‌خات سالانه له هه‌رچوار وه‌رز، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار گه‌شتیار دێنه شوێنه‌گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه‌كه. ساڵانه‌ش زیاتر له 300 ملیۆن دۆلار داهاتی فرۆشگا و ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ته له ڕێگه‌ی گه‌شتوگوزاره‌وه.
بووژانەوەی خێرای کەرتی گەشتیاری وای کردووە دۆخی ئابوری دەڤەرەکە بەرەو باشتر بچێت، چونکە گەشتیاران بازاڕی ناوچەکەیان پڕكار كردووه و ئەوخەرجیەی گەشتیار دەیکات ڕاستەوخۆ ده‌چێته گیرفانی کاسبکارانه‌وه.