ئەردۆغان: ئێمە پەیوەندیمان بە کۆنەبوونەوەی پوتن و زێلێنسکی نییە
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کۆنەبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن و ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، لە تورکیا نییە.
شەممە، 17ـی ئایاری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا بە میدیاکارانی ڕاگەیاند، ئێمە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیمان بە کۆنەبوونەوەی نێوان پوتن و زێلنسکیەوە نییە.
سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی: "کاتێک سەیری ئەو سەرکردانە دەکەین کە هەڵوێستی چالاکانەیان لەسەر دۆسیەی ئۆکرانیا و ڕووسیا هەیە، دەبینرێت کە پوتن بە یاریزانێکی گرنگ و سەرەکی لە بابەتەکە دادەنرێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاش وەک یاریزانێکی باڵادەست دەردەکەوێت. هەروەها زێلینسکی لە هەمان ئاستدایە، ئێمە پەیوەندیمان بە هەموویانەوە کردووە."
لە ئیستانبوڵ، بڕیار بوو یەکەم دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 15ـی ئایاردا بکرێت، بەڵام لەسەر پێشنیازی ڤلادیمێر پوتن، کۆبوونەوەکان نەکرا، هەرچەندە شاندی ڕووسیا لە بەیانی هەمان ڕۆژ لە ئیستانبوڵ بوون، لە کاتێکدا زێلێنسکی چووبووە ئەنقەرە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە، دواجاریش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێکهێنانی شاندی ئۆکرانیا بۆ دانوستانەکان.
ڕۆژی هەینی دانوستانی شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کراو نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، دوای دانوستانەکان، ڤلادیمێر مێدینسکی سەرۆکی شاندی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە شێوەی هەزار بەرانبەر هەزار دیل، دیدگای خۆیان بۆ ئاگربەست خستەڕوو، پێشنیازەکانیان لەسەر ئەو بابەتە وردتر کرد و بەردەوام بوون لە دانوستانەکان. جگە لەوەش کیێڤ داوای کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد.