ئەردۆغان: بۆ قۆناغی چەکدادانی پەکەکە، دانوستان لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئەلبانیا، لە نێو فڕۆکەدا (وێنە: AA)
سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئەلبانیا، لە نێو فڕۆکەدا (وێنە: AA)

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، چاودێریی قۆناغی چەکدادانی پەکەکە دەکەن و لە داهاتوودا بۆ ئەو مەبەستە، دانوستان لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەن. 

شەممە، 17-05-2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئەلبانیا، لە نێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆک کۆمار ئەردۆغان باسی لە قۆناغی خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکەی کرد و گوتی "پێویستە (پەکەکە) بە تەواوی لە چەک دابماڵدرێت و بە بێ کەموکۆڕی بڕیاری هەڵوەشانەوەی جێبەجێ بکات".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی درێژەی قۆناغەکە و ڕۆڵی بەغدا و هەولێر لە ڕەوتی چەکداماڵینی پەکەکە و ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیان چۆن دەبێت؟ سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا: "لەمەولاوە چۆنییەتی هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوەکە و ڕادەستکردنی چەکەکانیان لە لایەن دامودەزگاکانی ئەمنی دەوڵەتەکەمان چاودێری دەکرێت. هەروەها لەگەڵ دراوسێکانیشمان لەبارەی قۆناغی چەکدانانی (پەکەکە) لە دەرەوەی سنوورەکانیشمان گفتوگۆمان کردووە. لەبارەی چۆنییەتی بەشداری بەغدا و هەولێر لە قۆناغەکەدا پلانمان هەیە."

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.