هەڕەشەی دوورخستنەوەی بەڕازیل لە مۆندیالی 2026 دەکرێت

دوای دەستنیشانکردنی کارلۆ ئانچێلۆتی وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، ئێدنالدۆ رۆدریگێز سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، هەر ئەمەش وایکردووە چارەنوسی راهێنەرە ئیتاڵیەکە ناروون بێت و کەس نازانێت تۆپی پێ ئەو وڵاتە چی بەسەر دێت.
لە مێژووە گەورەکەی بەڕازیل هەرگیز کەسێکی بیانی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەکەی نەکردووە، بەڵام لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو، بۆ جاری یەکەم کەسێکی بیانی کە ئەویش کارلۆ ئانچێلۆتیە، وەکو راهینەری سامبا دیاریکرا، بەڵام هەر لەگەڵ دیاریکردنی فێدراسیۆنی تۆپی پێ بەڕازیل کێشەی تێکەوت.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو دادگای دادی شاری ریۆدۆجانیێرۆی بەڕازیل، بڵاویکردەوە بە تۆمەتی گەندەڵی ئێدناڵدۆ رۆدریگێزیان لە پۆستی سەرۆکایەتی فێدراسیۆنی تۆپی پێ وڵاتەکەیان دوورخستووەتەوە و ناتوانێت لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت.
ئیدناڵدۆ ڕۆدریگێز، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل، ڕۆژی هەینی داوای لە دادگای باڵای وڵاتەکەی کرد بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سەر پۆستەکەی. ئەگەر ئەو دەستەیە لەژێر چاودێری دادوەریدا بێت، ئەوا ڕەنگە فیفا بە تۆمەتی تێوەگڵانی بڕیاری سیاسی، ڕێگری لە بەردەوامبوونی هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ بکات.
دوای دوورخستنەوەی ئیدنالدۆ دادگای دادی بەرازیل هەر زوو کەسێکی بە شێوەی کاتی وەکو سەرۆکی فێدراسیۆن دیاریکرد، هەروەها داواشیان کردووە بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەوەی کەسێکی نوێ بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی بەڕازیل بڵاویان کردووەتەوە، فیفا و کۆنمیبۆل دان پێدانان بە سەرۆکی کاتی فێدراسیۆنی تۆپی پێ وڵاتەکەیان ناکەن، بۆیە رەنگە ئەم بابەتە لە زیانی تۆپی پێ وڵاتەکەیان کۆتایی بێت و هەڵبژاردەی وڵاتەکەشیان مەترسی ئەوەی لەسەرە، لە مۆندیالی 2026 بێ بەش بکرێت.