مێسی: ركابەریی نێوان من و كریستیانۆ كۆتایی نەهاتووە
مێسی: ركابەریی نێوان من و كریستیانۆ وەکو یادگارییەکی گەورە بۆ هەمووان دەمێنێتەوە
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ركابەرییەكانی نێوان ئەو و كریستیانۆ وەكو یادگارییەكی گەورە و مێژوویی بۆ لەبیری هەمووان دەمێنێتەوە، دەشڵێت: ركابەرێكی سەرسوڕهێنەری وەرزشی لە نێوان من و كریستیانۆدا هەبوو.
لەنێوان ساڵانی 2008 و 2023 لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ توانیان 13 خەڵاتی باڵۆن دۆر ببەنەوە، لەمبارەیەوە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا رایدەگەیەنێت بە درێژایی 10 بۆ 15 ساڵ ركابەرێكی سەرسەختی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە.
لیۆنێل مێسی تەمەن 37 ساڵ، لە نوێترین چاوپێكەوتنی دا دەڵێت: من و کریستیانۆ لە بردنەوەی نازناوەکان بەدرێژایی کات رکابەری یەکتر بووین، سەردەمێکی زێڕین بوو بۆ ئێمە و ئاشقانی تۆپی پێ.
لیۆنێل مێسی دەشڵێت: هەمیشە رکابەرییەکی سەرسوڕهێنەر لەڕووی وەرزشییەوە لە نێوان من و كریستیانۆدا هەبووە، ئێمە سوودمان لە یەکتر بینی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستمان و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان، تەنانەت تا ئەم كاتەش ركابەری نێوان من و ئەستێرە پۆرتوگالییەكەدا كۆتایی نەهاتووە.
كاپتنەكەی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا گوتیشی: گەیشتن بە لوتکە ئاسانە، بەڵام بەردەوام بوون و مانەوە بۆ ساڵانێکی درێژ ئاسان نییە، ئێمە بەدرێژای 10 بۆ 15 ساڵ رکابەر بووین، وەکو یادگارییەکی گەورە بۆ هەمووان دەمێنێتەوە.
لیۆنێل مێسی تاكە یاریزانە لە مێژوو لە كاروانی وەرزشی خۆی 8 خەڵاتی باڵۆن دۆر و 4 خەڵاتی زە بێستی بردووەتەوە، لیۆ جامی جیهان و نازناوی كۆپا ئەمریكا و چوار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، لەوەتەی چووەتە ئینتەر مەیامی لە كۆی 55 یاری، 44 گۆڵ و 21 ئاسیستی كردووە.