ئیدارهی خۆسهر یاسای دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی كۆچكردووانی راگرت
ھەوڵدەدات دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕێت

K24 - ھەولێر:
بەھۆی ئەو فشار و ناڕەزاییە زۆرەی دروستبوو، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر پاشگەزبوونەوەی خۆی لە جێبەجێكردنی یاسای دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی ھاووڵاتیانی ئاوارە و پەنابەری رایگەیاند.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە بەھۆی لێكەوتەكانییەوە ھات لە ئەنجامی جێبەجێكردنی یاساكە و باش تێنەگەیشتن و جیاوازی لە راڤهكردنی مادەكانیدا.
ھەروەھا گووتی: ھۆكاری دیكەی پاشگەزبوونەوە ئەوە بوو "یاساكە ھەرایەكی لە راگەیاندنەكاندا نایەوە و لە ناوەندەكانی مافپەروەری، یاسایی، كۆمەڵگهی مەدەنی، دەستە و كۆمەڵە تایبەتەكان و ناوەندەكانی میللی و تەواوی رۆڵەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ھەندەران مشتوومڕێكی گەورەی لێكەوتەوە".
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بڕیاریدا جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2020 (یاسای پاراستن و بەڕێوبردنی موڵك و ماڵی ئەوانەی لە وڵات دەرچوونە) راگرێت و جارێكی دیكە چاوپێخشاندنەوەی پێدا بكرێتەوە و سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی "لەگەڵ خواست و مافەكانی رۆڵە و گەلانی ئەو ناوچەیە بگونجێ".
یاساكە دووچاری رەخنەیەكی زۆر بوویەوە و گەیشتە ئەو رادەیەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر تومەتبار بكرێت بەوەی ھەوڵدەدات دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕێت و دەستبگرێت بەسەر موڵك و ماڵی ئەو كەسانەی لە ناوچەكە كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
بەپێی یاساكە لیژنەیەك پێكدەھات بۆ پارستنی موڵك و ماڵی ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە. یاساكە ھەموو ئەوانەشی دەگرتەوە، كە ساڵێك یان زیاتر لە ساڵێكە سووریایان جێھێشتووە "بەمەبهستی نیشتەجێبوونی بەردەوام و ژیانكردن لە دەرەوەی وڵات". یاساكە، پێناسەی كۆچكردوو دەكات بەوەی "ھەر كەسێكە رەگەزنامەی سووری یان حوكمی رەگەزنامەی سووری ھەبێت و نیشتەجێی بەردەوامی ھەبێت لە دەرەوی سووریا و ھیچ لە نزیكەكانی لەپلە یەك و دووی لە سووریا نەبێت.
لیژنەكە لەماوەی دووربوونی كەسەكە، ئیدارەی خۆسهر وەبەرھێنان لە موڵكەكانیدا دەكات و كەسەكە ھیچ مافێكی نابێت لە داھاتی موڵكەكانیدا. ئەمە "بەبێ دەستوەردان لە مافی بنەڕەتی".
