لە سەرەتای مانگی شەشەوە هاوردەی کاڵەک قەدەغە دەکرێت

یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند قەدەغەی هاوردەکردنی کاڵەک لە مانگی شەشەوە دەست پێ دەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: کاڵەک یاخود "گندۆرە" لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دێتە بازاڕەکانەوە، لە سەرەتای مانگی شەش واتە 1ـی حوزیران بە هەموو شێوەیەک هاوردەکردنی قەدەغە دەبێت.
هێمن سەید موراد گوتیشی: لە 15ـی ئایارەوە هاوردەکردنی شووتی لە وڵاتانی دراوسێوە قەدەغە کراوە، هەرچەندە بەرهەمی ناوخۆیی وەکو پێویست نییە، ئەوەی هەیە زیاتر لە شارەکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراقە، چونکە بەرهەمی ناوخۆیی خۆمان بەتەواوی هێشتا ماوە پێبگات، ڕەنگە 10 بۆ 15 ڕۆژی دیکە بەرهەمی خۆمان پێبگات ئەوکاتە ڕێگە نادەین هیچ بەربوومێکی دەرەکی بێتە ناو هەرێمی کوردستان، تەنیا بەرهەمی خۆمان بە بازاڕ دەکرێت.