شاندی دەم پارتی بۆ جاری پێنجەم سەردانی ئۆجەلانی کرد
شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی کردووە و لەگەڵ ئۆجەلان، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە کۆبوونەوەدان.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-05-2025، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەردانی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی کردووە و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، قۆناغی دوای کۆنگرەی 12 و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە.
ئەمە پێنجەم سەردانی شاندی دەم پارتییە بۆ ئیمراڵی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. دوایین جاریش، ڕۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، بوو.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025 ، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردووە "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."
پارتی کرێکارانی کوردستان داوا لە هەموو کۆمەڵگەی تورکیا دەکات پێشوازیی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی بکەن و دەڵێت: لەم قۆناغەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژوویی ڕۆڵی خۆی ببینێت. بە هەمان شێوە بانگەوازی هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت حکومەت و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.