لێدوانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێمە دەزانین پرۆژەی ڕووناکی کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەم دەرامەتە.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: خەڵك كاتێ کە شیكردنەوەی بۆ پرۆژەی رووناكی دەكات، تەنیا نرخەكەی حكوومەت دەبینێنت ئەو نرخەكەی موەلیدە نابینێت كە دەیدات.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین كە پرۆژەی ڕووناکەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كەم دەرامەتە.

یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی نووسی: دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، لە قۆناغی ئێستا هاوتای ئەوەیە 125 هەزار ئۆتۆمبیڵ لە شەقامەکان هەڵگیرابن.

ئاماژەی بەوە کردبوو، بەهۆی پرۆژەکەوە 700 مووەلیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی هێشتا نزیکەی شەش هەزار و 300 دانەی تریش ماون هەڵبگیرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پرۆژەی ڕووناکی، تا ئێستا  لە هەولێر 530 هەزار، لە سلێمانی 40 هەزار و لە دهۆک 30 هەزار هاوبەش هەن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی پرۆژەی هەژماری منەوە دەڵێت: سەرەتا تێبینییەکی زۆر هەبوو لەسەر پرۆژەکە، بەڵام خۆشبەختانە تێبینییەکان یەکلایی بووەیەوە، پرۆژەکە لە سلێمانی دەست پێ دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە حەوتەمین گفتوگۆی نێودەوڵەتیى بەغدا، باسی لە پرۆژەی "هەژماری من" کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە، پرۆژەی 'هەژماری من' زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت".

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment