سبەی دووشەممە نزیکەی 600 هاووڵاتیی بۆبەجێهێنانی فەریزەی حەج بەڕێ دەکەون

بەرەبەیانی سبەی دووشەممە یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێگەیی ئاسمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون، ژمارەی سەرجەمی ئەو هاووڵاتییانەی بەڕێگەی ئاسمانی گەشتی سعوودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سێ هەزار و 491 هاووڵاتییە.
نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرەبەیانی سبەی دووشەممە، 19ـی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەیی ئاسمانی، لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.
نیاز نەقشبەندی گوتی: گەشتی یەکەم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان بەڕێ دەکەوێت، یەکەم گەشتیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە کاتژمێر 1:00پاش نیوەڕۆ دەبێت.
بەڕێوبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی سبەی دووشەممە لەڕێگەیی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی گەشتی سعوودیە دەکەن ژمارەیان 876 هاووڵاتییە، کە چوار گەشت لە خۆدەگرێت و ڕاستەوخۆ دەچنە فڕۆکەخانەی جددە و دواتر بۆ شاری مەدینە.
بەگوێرەی ئەو خشتەی هەیە گەشتەکان بەمشێوەیەن بۆ سبەی دووشەممە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: 3:00ـی بەرەبەیان، 7:00ـی ئێوارە، 9:30ـی شەو.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: 1:00ـی دوای نیوەڕۆ، یەکەم کاروان و یەک گەشتی دەبێت بۆ سعوودیە.
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو هاووڵاتییانە بەڕێگەی ئاسمانی دەچنە سعوودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سێ هەزار و 491 هاووڵاتییە. ڕۆژی هەینی، 16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن.