فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ناتانیاهۆ، ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی تووڕە کردووە

 دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، میدیکانای ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، فشارەکانی ئەمەریکا ناتانیاهۆی ناچار کردووە ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتتی غەززە بدات، ئەم کارەش ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی تووڕە کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ناتانیاهۆ فەرمانی دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەرەتاییەکانی بۆ ناو غەززە دەرکرد، کە ئەم بڕیارە لەنێو ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیلدا ناپەسەند بوو، بەڵام فشارەکانی ئەمەریکا بووە هۆی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی سەر غەززە کە ماوەی دوو مانگ و نیوە بەردەوامە.

ئەم هەنگاوە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنی بچووکدا پەسەند کرا، هەروەها دوێنێ یەکشەممە، نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە "لەسەر ڕاسپاردەی سوپای ئیسرائیل ڕێگەپێدانی هاوکارییە مرۆییەکان دەست پێ دەکرێتەوە."

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە "ڕێگە بەچوونە ژوورەوەی بڕێکی دیاریکراو لە خۆراک دەدات بۆ هاووڵاتیانی غەززە، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە خراپتربوونی دۆخەکە و قەیرانی برسیەتی."

بڕیارەکەی نەتانیاهۆ پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە جەختی لێ کراوەتەوە کە گەیاندنی هاوکارییەکان دەست پێ ناکەنەوە تاوەکوو میکانیزمێکی نوێ بۆ ڕێگریی لە حەماس لە بردنی پێداویستییەکان دەبیننەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، بەشێک لە وەزیرەکان بەتوندی دژایەتی ئەو هەنگاوەیان کردووە، لەکاتێکدا هیچ دەنگێک لە کابینەی ئەمنی لەسەر ئەو بڕیارە نەدراوە.

ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ڕاستڕەوی توندڕەو داوای دەنگدانی لەسەر بڕیارنامەکە کرد، بەڵام داواکارییەکەی ڕەت کرایەوە، لە کاتێکدا کابینەی حکوومەت مشتومڕی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا غەززە بەدەست برسێتیەوە گیرۆدەیە یان نا.

بن گڤیر گوتی: سەرۆک وەزیران بەم هەنگاوە هەڵەیەکی گەورە دەکات، کە تەنانەت زۆرینەشیان نییە، پێویستە حەماس لەت بکەین نەک لە هەمان کاتدا ئۆکسجینی پێ بدەین، هاوکات سیاسەتمەداران و گرووپە توندڕەوەکانی دیکەش هەمان ڕەخنەیان هەبوو.

دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان "ڕێوشوێنێکی کاتییە کە تەنیا نزیکەی هەفتەیەک دەخایەنێت، تا ئەو کاتەی ناوەندە نوێیەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە دەستبەکار دەبنەوە."