ئارنۆڵد بیر لە گەڕانەوەی شێركۆ كەریم دەكاتەوە

ئاكام هاشم تاكە یاریزانە هاوشانی میمی ناوی لە پێكهاتەی كۆتایی عێراق مسۆگەرە

گراهام ئارنۆڵد لە نێوان ئاكام هاشم و شێركۆ كەریم
گراهام ئارنۆڵد لە نێوان ئاكام هاشم و شێركۆ كەریم

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لیستی سەرەتایی شێرەكانی رافیدەین بۆ دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەكانی مۆندیال رادەگەیەنێت، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ئاكام هاشم یەكلایی بووەتەوە و ناوی لە لیستەكەدا مسۆگەرە، لە لایەكی دیكەیشەوە راهێنەرە ئوسترالییەكەی عێراق دووبارە بیر لە گەڕانەوەی شێركۆ كەریم دەكاتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئاكام هاشم تاكە یاریزانە هاوشانی میمی ناویان لە لیستی كۆتایی هەڵبژاردەی عێراق بۆ دوو یاریی بەرامبەر كۆریای باشوور و ئوردن مسۆگەرە، هۆكاری بانگهێشتكردنەكەی ئاكام هاشم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئارنۆڵد لە شاری روومادی لە یاریی گەرمە و شورتە ئامادەبووە، لەو یارییە ئارنۆڵد بە تەواوەتی سەرسامی ئەستێرە كوردەكە بووە، راستەوخۆ لە دوای یارییەكە قسەی لەگەڵ ئاكام هاشم كردووە و دڵنیایی دەداتێ كە شوێنی لە پێكهاتەی عێراق مسۆگەرە و متمانە و پاڵپشتی خۆی بۆ ئاكام دووپات كردووەتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئارنۆڵد رایگەیاندووە شێوازی یاریكردنی ئاكام هاشم، بەتایبەتی لەڕووی بەرگری و دروستكردنی هێرش لە دواوە و فشارخستنەسەر تیپی بەرامبەر زۆر لەگەڵ پلانەكانی ئەو دەگونجێت، ئەو راهێنەرە پێیوایە ئاكام دەبێتە كارتێكی كاریگەر بە تایبەتی لەڕووی رێكخستنی هێڵی دواوەی هەڵبژاردەی عێراق.
لە لایەكی دیكەیشەوە، گراهام ئارنۆڵد بیر لەوە دەكاتەوە دووبارە شێركۆ كەریم كاپتنی یانەی هەولێر بۆ پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بگەڕێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەو راهێنەرە سەیری یارییەكانی رابردووی عێراقی كردووە و بۆی دەركەوتووە یەكێك لە كێشە گەورەكانی هەڵبژاردەكە بەگشتی هێڵی بەرگرییە، بەتایبەتیش بەرگری لای راست، ئارنۆڵد دەبێت ئەم كێشەیەش بە یاریزانێكی خولی ئەستێرەكانی عێراق چارەسەر بكات، بەپشتبەستن بە سەیركردنی یارییەكانی شێركۆ كەریم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، ئارنۆڵد لەگەڵ ستافەكەی قسەی كردووە و ئێستا بیر لە گەڕانەوەی شێركۆ كەریم دەكەنەوە و دەیانەوێت كێشەی بەرگری لای راست بە شێركۆ كەریم چارەسەر بكەن، بەڵام هێشتا راهێنەرە ئوسترالیاییەكە لەبارەی بانگهێشتكردنی شێركۆ بڕیاری كۆتایی نەداوە، بەڵام یەكێكە لە بژاردەكانی بۆ لای راستی هەڵبژاردەی عێراق.
هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 25ـی ئەم مانگە ئۆردوگایەكی مەشقی لە شاری بەسرە دەكاتەوە و هیچ یارییەكی دۆستانەش ناكات، تەنیا لە رێگەی یاریی مەشقی و دابەشبوونی یاریزانەكان بەسەر دوو تیم هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی یاریزانەكان دەكات، ئامادەكارییەكانیش بەردەوام دەبێت تا رۆژی یارییەكانی عێراق كە تێیدا رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو لە بەسرە عێراق میوانداریی كۆریای باشوور دەكات، دوای تێپەڕبوونی 5 رۆژ بەسەر ئەو یارییە، عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، هەر یاریزانێكی دهۆك بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بكرێت، هەڵۆیەكان یارییە دواخراوەكانیان ناكەن تا دوای یارییەكانی عێراق لە پاڵاوتنەكان، پێشبینی دەكرێت خولی ئەستێرەكانی عێراق تا سەرەتای مانگی 7ـی ئەمساڵ درێژ بكرێتەوە.