لیۆنێل مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

 

هەواڵێک بڵاوبووەتەوە رەنگە بە دڵی زۆربەی هاندەرانی بارسێلۆنا بێت، ئەویش پرۆژەی گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی یانەکەیە. خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە کە پێشتر خۆی بووە هۆی چوونی مێسی لە یانەکەی، دەیەوێت ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە.

ماڵپەری 365Scores زانیاری دەستکەوتووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، پرۆژەیەکی گەورەی بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەی دارشتووە و دەیەوێت ئەفسانەی یانەکەی دووبارە بگەڕێنێتەوە.

هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا هەمیشە خەون بە گەڕانەوەی مێسی دەبینن، ساڵانی رابردوو دەنگۆیەکی بەهێز هەبوو بۆ گەڕانەوەی، بەڵام ئێستا پڕۆژەیەکی راستی لە ئارادایە و ئەگەر هەموو شتێک وەکو پلانەکەی لاپۆرتا بەڕێوەبچێت، لیۆ جارێکی تر درێسی یانە کەتەلۆنیکە لەبەر دەکاتەوە.

پلانی لاپۆرتا بریتییە لە دانوستان لەگەڵ ئینتەرمەیامی کە دەیڤید بێکهام خاوەندارییەتی بەشێکی یانەکە دەکات، بۆ ئەوەی مێسی بە شێوەی خواستن لە دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی خولی بگوازێتەوە.

سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت هەمان ئەو کارە بکات، کە پێشتر خودی بێکهام خۆی کردبووی و کاتێک یاری بۆ یانەی لۆس ئەنجلۆس گالاکسی دەکرد، دوای کۆتایی هاتنی خولی ئەمریکا دبە خواستن پەیوەندی بە ئەیسی میلان و پاریس سانجێرمان کرد.

یارییەکانی خولی ئەمریکا ساڵانە لە مانگی دوازدە کۆتایی دێت، ئەگەر مەیامی نەتوانێت بگاتە قۆناغی کۆتایی خولەکە، ئەوا خولەکە پێشوەختە بۆ ئەوان کۆتایی دێت، واتە مێسی بۆی هەیە سەرەتای ساڵی 2026 پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات.

ئەم پرۆژەی خوان لاپۆرتا لە سوودی خودی خۆی مێسی دەبێت، لەبەر ئەوەی ماوەیەک لە ئەوروپا یاری دەکات و پاشان دوای کۆتایی هاتنی خولە ئەوروپیەکان، مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات، ئەمەش دەبێتە ئامادەکارییەکی باش بۆ ئەستێرەکەی تانگۆ.

خوان لاپۆرتا بەم هەنگاوەی دەکەوێت دوو ئامانج بپێکێت، یەکەمیان پرۆژەی وەرزشی یانەکەی زیندوو بکاتەوە و هەروەها لەرووی مارێتینگەوە داهاتی زیاتر بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت، هەروەها هەنگاوی دوومیش ئاشتبونەوەی لەگەڵ هاندەرانی یانەکەی، بەهۆی بەرێکردنی مێسی لە ساڵی 2021.

 

 
Fly Erbil Advertisment