بە فەرمی، هەولێر گرێبەستی 3 یاریزانی یانەكەی هەڵوەشاندەوە

تەواوی رێككارە یاساییەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەم 3 یاریزانە كۆتایی هات

هێلیۆ مۆنتێرۆ، عەباس یاسین و هیگۆ ڤیدال
هێلیۆ مۆنتێرۆ، عەباس یاسین و هیگۆ ڤیدال

بە فەرمی یانەی هەولێر پێش كۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق گرێبەستی 3 یاریزانی یانەكەی بە رەزامەندی هەموولایەك هەڵوەشاندەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، هێلیۆ مۆنتێرۆ و هیگۆر ڤیدالی بەرازیلی هاوشانی عەباس یاسینی بەرگریكاری عێراقی گرێبەستەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی و بە رەزامەندی هەموولایەك هەڵوەشاندەوە.
هێلیۆ مۆنتێرۆ ئەم وەرزە 28 یاریی بە درێسی یانەی هەولێر كرد و 2 گۆڵ و ئاسیستێكیشی بۆ پاسەوانانی قەڵا تۆمار كرد، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو بەشێوەیەكی كتوپڕ بەهۆی نەخۆشیەكی سەختی باوكی گەڕایەوە بەڕازیل، ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە باوكی لەسەرەمەرگ دایە.
هیگۆ ڤیدالی 28 ساڵ، مایسترۆی بەرازیلی لە دەستپێكی ئەم وەرزە لە یانەی گاڵاكسی باشووری ئەفریقاوە بۆ یانەی هەولێری ئیمپڕاتۆری كوردان گواسترایەوە، بەڵام وەكو پێویست نەیتوانی ئاستی راستەقینەی خۆی پێشكەش بكات و لە كۆی 19 یاری 3 ئاسیستی كرد و بەیەكجاری ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە، عەباس یاسین لە گواستنەوەی زستانەی رابردوو لە یانەی نەورۆزەوە روویكردە هەولێر، بەڵام هەرزوو تووشی پێكان بوو، نەشتەرگەرییەكی بۆ شانی كرد و ئەم وەرزە بۆ ئەم یاریزانە كۆتایی هات، بەمەش بەشێوەیەكی یاسایی تەواوی رێككارەكان بە رەزامەندی هەردوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی كۆتایی هات.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە كۆی 33 یاری، 13 سەركەوتن و 15 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 44 خاڵ لە ریزبەندی دەیەمی خولەكە دێت.