گوتەبێژی ئەپیکور: بەرهەمهێنانی گاز سوودی بۆ هەموو عێراقییەکان هەیە

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

ئەپیکور پێشوازیی لە گرێبەستی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی HKN و وێسترن زاگرۆس دەکات و دەڵێت، لە ساڵانی داهاتوودا دەرفەتەکانی پەرەپێدان بە کێڵگە گازییەکان، سوود بە هەموو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، تایبەت بە کوردستانـی ڕاگەیاند: عێراق کورتهێنانی لە گاز و کارەبادا هەیە، بۆیە بەرهەمهێنانی گازی زیاتر لە وڵاتەکە سوودی بۆ هەموو لایەک هەیە.

هاوکات. پێشوازیی لە گرێبەستی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی  HKN و وێسترن زاگرۆس کرد و ڕایگەیاند: مۆرکردنی گرێبەستەکان سەرکەوتنێکی گەورەیە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.

دەشڵێت: لە ساڵانی داهاتوودا دەرفەتەکانی پەرەپێدان بە کێڵگە گازییەکان فراوانتر دەبێت، ئەمەش لە سوودی هەموو عێراقییەکانە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment