کشتوکاڵی تەق تەق: تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 70تۆن بەرهەمی لۆبیامان بووە

شارۆچکەی تەق تەق دەوڵەمەندە بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی و لەگەڵ وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆری کرێکار دەرەخسێت.

حاجی سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: شارۆچکەی تەق تەق دەوڵەمەندە بەچەندین بەرهەمی کشتوکاڵی لەنێویاندا لۆبیا، ماوەی دوو هەفتەیە لۆبیا لەو سنوورە پێگەیشتووە و ڕەوانەی عەلوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.

حاجی سەباح عوسمان گوتیشی: تەنیا ئەمڕۆ 70تۆن لۆبیا لە بەرهەمی جووتیارەکانمان گەیشتووەتە نێو عەلوەی تەق تەق، لەوێوە هەناردەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکەین، بەڵام بەرهەمەکە لەوە زیاترە، چونکە ژمارەیەک لە جووتیاران بەرهەمەکانیان ناهێننە عەلوە بەڵکو خۆیان هەناردەی شارەکانی دیکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووبەری داچێندراو بە لۆبیا 300 تاوەکوو 400 دۆنمە. تەقتەق خاکێکی دەوڵەمەند و بەپیتی هەیە، ئەمە جگە لەوەی ئاوی زێی بچووک بووەتە سەرچاوەیەکی باش و بەسوود بۆ جووتیاران.

بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق باسی لەوەش کرد، لە سنووری شارۆچکەکەیان زیاتر لە 900 جووتیار هەیە، سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بریتیە لە کشتوکاڵکردن، پێگەیشتنی لۆبیا هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سنوورەکە ڕەخساندووە، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری کرێکار کار دەکەن؛ بۆ لێکردنەوەی هەر کیلۆیەک لۆبیا 300دیناریان پێ دەدرێت.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ساڵی ڕابردوو لە سنووری تەقتەق بەرهەمی لۆبیا زیاتر لە شەش هەزار تۆن بووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، کیلۆیەک لۆبیا بە هەزار و 500دیناری عێراقی فرۆشراوە.

شارۆچکەی تەق تەق تەنیا بە لۆبیا دەوڵەمەند نییە، بەڵکو چەندین بەرهەمی دیکەی هەیە، وەکو: خەیار، قەیسی، هەنجیر، ترۆزی. وەک بەرێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق ڕایگەند: هەر ئەمڕۆ نزیکەی 20تۆن ترۆزی هاتۆتە عەلوەکەیان.

تەق تەق لەکوێیە؟

شارۆچکەیەکە سەر بە پارێزگای هەولێر، کەوتووەتە لای ڕاستی زێی بچووک، 90 کیلۆمەتر لە ڕوژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و 60 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای کەرکووکەوە دوورە.

14ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بەقەزاکردنی (تەقتەق)ی ئیمزا کرد.

لە فەرمانەکەدا هاتووە؛ پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 335، بڕیارمان دا بە هێنانە کایەی قەزای تەقتەق لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستای ناحیەی تەقتەق.
ئەم فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، واتا 2024/10/14، جێبەجێ دەکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment