"مەسعوود میرال لە رەفتار و قسەكانی پەشیمانە"

زنار زوبێر پارێزەری یانەی دهۆك: پێشبینی دەكرێت سزایەكەی مەسعوود میرال كەمبكرێتەوە

زنار زوبێر پارێزەری یانەی دهۆك لەگەأ مەسعوود میرال راهێنەری پێشووی یانەی دهۆك
زنار زوبێر پارێزەری یانەی دهۆك لەگەأ مەسعوود میرال راهێنەری پێشووی یانەی دهۆك

مەسعوود میرال راهێنەری پێشووی یانەی دهۆك بە ئۆنلاین لە سوێدەوە روونكردنەوەی بۆ لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دا، كە تێیدا مەسعوود میرال راشكاوانە رایگەیاند پەشیمانە لەو رەفتار و قسانەی كردوویەتی.
لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق كە رۆژی 14 ئەم مانگە كاتێك یانەی دهۆك میوانداریی تەڵەبەی كرد، لەو یارییەدا مەسعوود میرال بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، ئەمەش كاردانەوەی توندی ئەو راهێنەرەی بەدوای خۆیدا هێنا و زنجیرەیەك لێدوانیشی لە دژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دا و كە تێیدا باسی ئەوەی كرد ریال مەدرید و بارسێلۆناش ناتوانن لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ببەنە پاڵەوان.
دواتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەو راهێنەرەی بە 25 ملیۆن دینار پێبژاردن و شەش مانگ سڕكردن سزا دا، ئەم بڕیارەش رۆیشتنی ئەم راهێنەرەی لە یانەی دهۆك خێراتر كرد و بە یەكجاری خولی ئەستێرەكانی عێراقی جێهێشت و گەڕایەوە سوید.
 زنار زوبێر، پارێزەری یانەی دهۆك كە ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بووە كە لە نێوان مەسعوود میرال و لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام دراوە، ئەم پارێزەرە كوردە بە كوردستان24ـی راگەیاند مەسعوود میرال پەشیمانە لەو قسە و رەفتارانەی لە دوای یارییەكەی تەڵەبە ئەنجامی داوە، بەمەش پێشبینی دەكرێت سزای سڕكردنی ئەو راهێنەرە كەمبكرێتەوە.
مەسعوود میرالی تەمەن 37 ساڵ، لە هاوینی 2024 وەكو راهێنەری یانەی دهۆك دەستبەكاربوو، لە كۆی 28 یاری، 15 بردنەوە، 6 بەرامبەربوون و 7 شكستی تۆمار كرد، بۆ یەكەمجاریش توانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو بۆ یانەی دهۆك بەدەستبهێنێت.