کشتوکاڵی دهۆک: دەرمانی قرکەر بۆ خەیار بەکارنەهاتووە
بەرهەمی خەیاری ئەمساڵ 105 هەزار تۆن دەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕەتیدەکاتەوە، دەرمانی قرکەر لەلایەن جوتیارانەوە بۆ خەیار بەکارهاتبێت و ئاماژە بەوەدەکات زیاتر لە 105 هەزار تۆن بەرهەمی خەیاریان دەبێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: وا بڵاوکراوەتەوە لە شارۆچکەی ئاکرێ دەرمانی قرکەر لەلایەن جوتیارانی سنوورەکەوە بۆ خەیار بەکارهاتبێت، بەڵام دوای سۆراغکردنی ئەم بابەتە دەرکەوت هیچ ڕاست و دروستی نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتیشی: لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕێژەیەکی بەرچاوی خەیار بەرهەمدێت، شەش هەزار خانووی پلاستیکی هەن کە خەیاری لێ بەرهەمدێت ئەمە جگەلەوەی نۆ هەزار دۆنم زەوی داچێندراوی خەیار هەیە.
ئەحمەد جەمیل باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی خەیار زیاتر لە 105هەزار تۆن بێت کە ڕێژەیەکی زۆری بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق هەناردەدەکرێت.
چەند ساڵێکە بەهۆی بایەغدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەتایبەتی بەرهەمی ناوخۆیی، خواست لەسەر بەرهەمە نناوخۆییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیادبووە.