بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی: بەردەوام دەبین لە پشتگیری ساغکردنەوەی بەرووبوومی خۆماڵی

بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان کارئاسانی بۆ جووتیاران دەکەین، بەڵام لە هەندێک کاتی وەرزەکاندا بەیەکەوە پێگەیشتنی بەرهەمەکان و زۆر بوونیان گرفت دروست دەکەن. 

وشیار جەلیل، بەڕێوەبەری چاودێریی  گومرگی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕایگەیاند "بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی خۆماڵی جووتیاران لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت، ئێستاش بۆ ساغکردنەوەی خەیار هەموو ڕێکارێک گیراوەتەبەر، بەڵام لەم کاتەی ساڵدا بەهۆی پێگەیشتنی هەمان بەرهەم لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، گرفتی بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی جووتیارانی کوردستان دروست کردووە."

وشیار جەلیل دەشڵێت:  خەیاری جووتیارانی هەولێر، لەبەر ئەوەی بڕەکەی زۆرە و ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە، هەربۆیە بە بازاڕکردنی زەحمەت بووە، لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ئێستا خەیار پێگەیشتووە.

گوتیشی: ئێمە کار ئاسانیمان بۆ جووتیارانی خۆمان کردووە و بەردەوام پشتگیرییان لێ دەکەین و لە بازگەکانی حکوومەتی عێراقیش کارئاسانیان بۆ کراوە، هەموو ئەمانەش تەنیا بۆ ئەوەیە بازرگانەکانی خۆمان بەربوومە خۆماڵییەکان ببەنە خواروو و ناوەڕاستی عێراق.

وشیار جەلیل، ڕاشیگەیاند "ئێستا خەیار لە عەلوەی هەولێر دەفرۆشرێت، بەڵام نرخەکەی وەکو پێویست نییە و بەهۆی زۆرییەوە نرخی هەر کیلۆیەکی لە 150 دینار بۆ 300 دینارە"

ڕەجەب عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت: ئیستا بەربوومی ناوخۆ دەستی پێکردووە، ئێمەش لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی، داوامان لە کاسبکاران کردووە، کاربکەن.

دەشڵێت: ئەگەر بێت و جووتیار بەربوومەکەی نەهێنێتە بازاڕ و ساغی نەکاتەوە ئەو بەربوومەی لێ تێکدەچێت، بۆ نموونە خەیارەکەی قەبارەی گەورە دەبێت، تەماتە نەرم دەبێت.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment