لە حەجی ئەمساڵدا هەشت هەزار بڵندگۆ بۆ بانگدان و وتارەکان دەخرێنە کار

مزگەوتی حەرام، ئەمساڵ بە تەکنەلۆجیای دەنگی بەرز پێشوازیی لە حاجیان دەکات، کە دەنگی بانگدان و وتاربێژ و پێشنوێژەکان بەتەکنیکێکی بەرز دەگوازێتەوە.
سیستەمی دەنگیی مزگەوتی حەرام، بەفراوانی ڕووبەری 650 هەزار مەتر چوارگۆشە کار دەکات، هەروەها هەشت هەزار بڵندگۆ بەسەر حەوشە و مزگەوت و دەرەوەی مزگەوتەکە دابەش کراون، سیستەمەکە، لەلایەن 120 ئەندازیار و تەکنیکارەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە 24 کاتژمێر کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگ، بۆ ئەوەی هەموو دەنگە جیاوازەکانی ئیمام و بانگبێژ و وتاربێژەکان پەخش بکەن، ئەمەش لە ڕێگەی 21 سیستەمی سەربەخۆوە بەدی دێت کە لە هەموو بەشەکانی مزگەوتەکە کاری پێ دەکرێت.
دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، دەستەی گشتیی بۆ چاودێریی 'مزگەوتی حەرام و مزگەوتی نەبەوی' ڕایگەیاند، ڕۆژانە کار لەسەر بەرنامەیەک دەکەن بۆ پاراستنی سیستەمی دەنگی بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیەکەی، جگە لە چاودێریی ژوورەکان و سەرپەرشتیی و بەدواداچوون لەگەڵ ئەندازیار و تەکنیکاران دوای هەر نوێژێک. ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە یەکدەنگیی بڵندگۆکان کە دەنگی بانگبێژ و پێشنوێژەکانی مزگەوتەکە دەگوازێتەوە.
دەستەی گشتیی چاودێری ئاماژەی بەوەش دا، لەئەگەری تێکچوونی هەر بڵندگۆیەک، ئەوە بڵندگۆ یەدەگەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکەونە کار.
دەستەکە ڕوونیشی کردەوە، لە مزگەوتی حەرام سیستەمی دەنگی کوالیتی و وردبینییەکی بەرزی هەیە، هەروەها لە ژووری کۆنترۆڵدا بە وردی دابەش کراوە و دڵنیاییش دەدات لەوەی هیچ تێکچوونێک لە سیستەمی دەنگدا ڕوو نادات.