چالاکوانە ناسراوەکەی بەسرە بۆچی "تیرۆر" کرا؟

کوژرانی ئوسامە خەفاجی لەکاتێکدایە، هێشتا بکوژانی هیشام هاشمی ئاشکرا نەکراون

 

K24 - هەولێر

هێشتا بكوژانی ھیشام ھاشمی، چاودێری سیاسی ئاشكرا نەكراون و دۆسیەكەی یەكلایی نەبووەتەوە، كەچی لە بەسرە چالاكوانێكی دیكەی ناسراو تیرۆرکرا.

تیرۆکردنی ئوسامە خەفاجی، بەگوتەی شاخەوان محەمەد، شارەزای زانستە سیاسییەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "ھەندێك گرووپ و لایەن دەیانەوێ بەم كارانەیان كێشە بۆ حكومەت دروست بكەن، تاوەکو هەر خۆیان باڵادەست بمێننەوە".

ئێوارەی رۆژی هەیینی (14-8-2020) ژمارەیەک چەکداری نەناسراو (هێشتا ژمارەیان ئاشکرا نەکراوە)، چوونە نێو سەنتەرێکی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە ناوەڕاستی بەسرە، سەنتەرەکە هی ئوسامە خەفاجی بوو و هەر لەوێش ئوسامەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوشتیان.

دۆسیەكەی ئوسامە دیوێكی ئەمنیشی هەیە، بەجۆرێك وای لێھاتووە تیرۆرستان دەستكراوەن لە ئەنجامدانی ھەر كردەوەیەك بیانەوێت.

محەمەد سابیر، شارەزای ئەمنی ھۆكاری تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، حكومەت لە ھەوڵی گێڕانەوەی ھەیبەتی خۆیەتی، بۆیە دەیانەوێت بەم رووداوانە كێشەی بۆ دروست بكەن.

ھەوڵەكانی مستەفا كازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت، وای لە گرووپە چەكدارەكان كردووە زیاتر پێداگری لەسەر ئەوە بكەن، ھێز لە دەستی ئەواندا بمێنێتەوە. ئێستاش ئەوەی ماوەتەوە؛ شیكردنەوە و دۆزینەوەی بكەرانی ھەردوو رووداوەكەیە.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment