نەوزاد شێخ کامیل: لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا دەرگای سایلۆکان بە ڕووی جووتیاراندا دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەرەتای مانگی حوزەیران دەرگای سایلۆکان  بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، بە ڕووی جووتیاراندا دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند " دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا، دەکرێنەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: لە عێراق و ناوچەکانی خواری عێراق دەرگای سایلۆکانیان زۆر لە مێژە کراوەنەتەوە، چونکە بەرهەمی گەنمی ئەوان پێ گەشتووە، بەڵام کوردستان تازە بەرهەمەکەی پێ دەگات.

نەوزاد شێخ کامیل، دەشڵێت: بۆ ئەمساڵ، ئێمە بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرین، بەڵام لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەپێی ئەو پلانەی بۆ خۆیان دایانناوە.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە  و کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment