وەزارەتی دارایی: مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەشدەکرێت و لەمانگەکانی داهاتودا لەگەڵ خەرج کردنی مووچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو مووچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە کە لەساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 279 لە ڕۆژی 19ـی ئاداری 2025، تایبەت بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو فەرمانبەرانەی ساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانە دەچێتە بەغدا قبوڵ نەکراون و ماوەی چەند مانگێکە شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە لەو بارەیەوە چەند بڕیارێک لەسەر میکانیزم و شێوازی پێدانی شایستەکانیان درا.
وەزارەتی دارایی وئابووری ڕایگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، مووچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
هاوکات مووچەی مانگەکانی 3 ، 4 ، 5 ، 6 ،7 ساڵی 2024 سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کەلەو مانگانە دامەزراون و شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە
باس لەوەش کراوە، لەمانگەکانی داهاتودا لەگەڵ خەرج کردنی مووچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو مووچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە کە لەساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
هەرەوەها ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت کە تێکڕای تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.