سعوودیە وادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی دیاریی کرد

دادگای باڵای سعوودیە ڕایگەیاند: 6ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە.

سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، دادگای باڵای سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ چوارشەممە 28ـی ئایار یەکەم ڕۆژی مانگی کۆچی زولحەججەیە، بۆیە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەکەوێتە 6ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعوودیە ڕایگەیاند، دادگای باڵای ئەو وڵاتە داوای لە موسڵمانانی سەرتاسەری سعوودیەی کردووە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 29ـی (ذي القعدة) مانگی کۆچی، بەرانبەر27ـی ئایاری 2025، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی (ذي الحجة) چاودێریی بینینی مانگ بکەن.

لە کاتی بینینی مانگ و ڕۆژی دواتر دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی (ذي الحجة) دوای نۆ ڕۆژ دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان.

جەژنی قوربان، جەژنێکە تایبەتە بە موسڵمانان لە چوار ڕۆژ پێکدێت، لە موسڵمانان تێیدا گەردان ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن و بە چکلێت و شیرینی دەمی یەکتر شیرین دەکەن.

جەژنی قوربان دەکەوێتە ڕۆژێک دوای 9ـی زولحەججە، حاجیان لەو ڕۆژەدا لە چیای عەرەفە دەوەستن، کە گرنگترین پایەی حەجە، جەژن لە ڕۆژی 10ـی زولحەججە دەست پێ دەکات و 13ـی زولحەججە کۆتایی دێت.

لە بەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنەکەدا موسڵمانان دەچن بۆ مزگەوت و نوێژی جەژن ئەنجام دەدەن و دەست دەکەن بە تەکبیر لێدان، هەورەها ئەو چوار ڕۆژە لە وڵاتە موسڵمانەکان دەبێتە پشووی فەرمی و، قوربانیکردنیش دەکەوێتە دوای تەواوبوونی نوێی جەژن.

موسڵمانان لە جەژی قورباندا مەڕ، بزن، مانگا یان حووشتر، یەکێک لەوانە دەکەنە قوربانی و گۆشتی قوربانییەکەش بەسەر خزمان و دراوسێ و هەژاران دابەش دەکەن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment