سعوودیە: 4ـی  حوزەیران ڕێوڕەسمی فەریزەی حەج دەست پێ دەکات

ڕۆژی سێشەممە سعودیە ڕایگەیاند، مەراسیمی فەریزەی حەج لە 4ی حوزەیران دەست پێ دەکات.

ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعودیە ڕاگەیەندراوێکی دادگای باڵای سعوودی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "سبەی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی( ذی الحجةیە)، ڕۆژی عەرەفە لە ڕۆژی پێنجشەممە 5ی حوزەیران دەبێت، جەژنی قوربانیش ڕۆژی هەینیی دواتر دەبێت".

ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، تۆفیق ئەلرەبیعە، وەزیری حەجی سعوودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ملیۆنێک و 700 هەزار حاجی لە سەرانسەری جیهانەوە" گەیشتوونەتە سعوودیە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەمساڵدا.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار موسڵمان بەشدارییان لە حەجدا کردووە.

حەج یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە ئاینییەکانی ساڵانە لە جیهاندا و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی سعوودیەیە، داهاتی حەج و عومرە و زیارەتەکانی دیکەی ئایینی بە درێژایی ساڵ، بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، مەترسییەکانی گەرمبوونی جیهان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە ئاشکرا بوو، کاتێک زیاتر لە هەزار و 300 حاجی لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە شاری مەککە گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی گیانیشیان لەدەستدا،  زۆربەیان حاجی بێ مۆڵەت بوون کە بۆ ماوەیەکی درێژ تیشکی ڕاستەوخۆی خۆریان بەر کەوتبوو.