شارەزایانی هەڵبژاردن ڕەخنە لە مەرجەکانی کۆمیسیۆن دەگرن

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ماوەی سێ ڕۆژە دەرگای خۆکاندیدکردنیان کردووەتەوە، حزبەکان و ئەو کەسانەی کە نیازی خۆپاڵاوتنیان هەیە سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە شارەکانی عێراق دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری لە بارەی داواکاری و مەرجەکان، بەڵام کاتی پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان و چەند مەرجێکی دیکە نیگەرانی لێدەکەوێتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێڕاق کردووەتەوە کە بڕیارە مانگی 11ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، مەرجەکانیش، دەبێت کەسی پاڵێوراو لە ڕیزی دامەزراوەی ئەمنی نەبن، کارمەند یان کۆمسیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەبێت، پێشینەی تاوانی بەهیچ جۆرێک نەبێت و بڕوانامەی لە ئامادەیی کەمتر نەبێت و تەمەنی لە 30 ساڵ بێت و هاوکات چەند مەرجێکیش بۆ کاندیدە سەربەخۆکان دانراوە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "دەرگای خۆکاندیدکردن کراوەتەوە، لە قۆناغی سەرەتا کاندیدەکان و حزبەکان تەنیا پرسیاری وردەکاری و مەرجەکان دەکەن، لە بارەی کاندیدە سەربەخۆکان دەبێت ئاگاداربن ئەگەر کادری حزب بن و وەک سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکەن یان لە دوو شوێن ناوی خۆیان تۆمار بکەن تووشی کێشەی یاسایی دەبن."

هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو مەرج و کاتی پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان ڕەخنە و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن دەڵێت: کۆمیسیۆن هەمان هەڵەکانی ڕابردووی بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دووبارەکردووەتەوە، بۆ نموونە لیستی ناوی کاندیدەکان لە ئێستاوە وەردەگرێت، بەڵام 30 ڕۆژ پێش پڕۆسەی هەڵبژاردن ناوەکان پەسەند دەکات، ئەمەش زیانی ماددی دەگەیەنێت بە کاندیدەکە، چونکە هەر کاندید بڕیاری بەشداریکردن بدات خۆی ئامادەکات و بانگەشە دەکات.

دورەید تۆفیق، شارەزای بواری هەڵبژاردن گوتی: "تێبینیەکان زۆرن بەڵام ماددەی 30 لە ڕێنماییەکان دەڵێت: هەڵبژاردن لە 11ـی 11ـی 2025، بەڕێوەدەچێت و لە 11ـی 10 ناوی کاندیدەکان پەسەند دەکەین، ئەمە کێشەیەکی گەورە بۆ کاندیدەکان دروست دەکات، چونکە بانگەشە بۆ کاندیدەکان سێ قۆناغی دەوێت، یەکەم بڕیاردان و ئامادەکردنی پارەیە،  دووەم کاندیدەکە کەسە نزیکەکانی ئاگادار دەکاتەوە دەنگی پێ بدەن، سێیەم قۆناغیش بانگەشەی فەرمیە، دوای ئەم قۆناغانە کۆمسیۆن بڵێت ناوت پەسەند نەکراوە کێشە هەم بۆ حزبەکە و هەم بۆخۆشی دروست دەبێت."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment