تا ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا نەکات، ئێران ڕێگەی گەڕانەوە به پشکنەرانی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادات
سەرۆکی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت: پیتاندنی یۆرانیۆم بنەمای سەرەکی بەرنامەی ئەتۆمییە، ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکاش ڕێککەوتین ئەوە ڕێگە بە چاودێران و پشکنەرانی نێودەوڵەتی دەدەین سەردانی پێگە ئەتۆمییەکانمان بکەن.
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، دوای دانوستانەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، ڕێگە لەبەردەم پشکنەر و چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و پشلنەرانی ئەمەریکا دەکەینەوە بۆ ئەوەی سەردانی پێگە ئەتۆمییەکان بکەن.
ئیسلامی، سەرسووڕمانی خۆی لە هەڵوێست و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا دەردەبڕێت و دەڵێت: لێدوانەکانی ئەمەریکا وەکوو ئەوە وایە، بڵێی ئاساییە کارەباتان هەبێت، بەڵام نابێ وێستگەی کارەباتان هەبێت.
تاوەکوو ئێستا پێنج گەڕی دانوستان لەنێوان تاران و واشنتن بەڕێوە چووە، بڕیارە گەڕی شەشەمی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران بێت، ئەمەش خواستی ئەمەریکایە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام مەرجی لە پێشینەی ئێران هەڵگرتنی سەرجەم سزا سەپێندراوەکانە، بۆ ئەوەی بتوانن لە سەرجەم بوارەکاندا ئابووریی ئێران ببوژێننەوە.
ئێران و ئەمەریکا چەندین ساڵە ناکۆکییان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران هەیە، واشنتن لە دواهەمین هەڵوێستی ڕایگەیاندبوو، پیتاندنی یۆرانیۆم بەو ئاستەی ئێستا دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆیە دەبێت ئاستی پیتاندن بگاتە سفر.
لەلایەن خۆیەوە ئێران دووپاتی کردووتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بەکار دەهێنین.