ئەردۆغان: ڕووبەڕووی هەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەبینەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا، داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، گوشارەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی زیاد بکەن، دەشڵێت: ڕووبەڕووی هەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەبینەوە.
چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیلھام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیران پاکستان، ڕایگەیاند: ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە مافی منداڵان و کەسانی بێتاوان کە لە کەرتی غەززە دەکوژرێن، هەروەها ڕووبەڕووی هەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەبینەوە.
ئەردۆغان، هاوکات داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، کە گوشارەکانیان بۆ سەر حکوومەتی ئیسرائیل زیاد بکەن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتەکە.
لەبارەی گرژییەکانی هیندستان و پاکستان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هیوای خواست، ئاگربەستی نێوانیان بگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.
ئەردۆغان، هیوادارە زەوییە ئازادکراوەکانی ئازەربایجان، دوای 30 ساڵ لە داگیرکردن، ببنە ناوەندێکی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا، ئازەربایجان و پاکستان بە هاوبەشی بەشداریی لە پرۆژەکانی وەک ڕێگەی گەشەپێدان، ڕێڕەوی ناوەڕاست و ڕێڕەوی گواستنەوەی باکوور-باشوور دەکەن.