ئالان حەمەسەعید: بایەخ بە ڕێژەی دەرچوون لە قوتابخانەکان دەدەین

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەمساڵ ڕێککاری توند بۆ ڕێگری لە گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان گیراوەتەبەر. هەروەها بایەخ بە ڕێژەی دەرچوون لە قوتابخانەکان دەدەین. گوتیشی: دۆخی دارایی ڕێگە بدات وانەبێژی نوێ دادەمەزرێنین.

چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: ئەمساڵ 115 هەزار و 728 قوتابی مافی باشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـیەمی ئامادەیی هەیە، کە دابەش کراون بەسەر دوو هەزار و 17 هۆڵی تاقیکردنەوە.

لەبارەی دزەپێکردنی پرسیارەکان، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دا، هیچ پرسیارێک پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان تا ئێستا ڕێگە نەدراوە دزەی پێ بکرێت، هیچ کاتێکیش حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوو نادات، هەروەها ئەمساڵ ڕێککاری توند بۆ ڕێگری لە گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان گیراوەتەبەر.

لەبارەی ڕانەگەیاندنی ناوی یەکەم، دووەم و سێیەمەکانی پۆلی 12، ئالان حەمەسەعید، دەڵێت: لە ماوەی ڕابردوو هەستمان بەوە کرد بابەتی ڕاگەیاندنی ناوی قوتابییان و ئاستەکانیان، سەرەنجی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و قوتابخانەکانی لەسەر پرۆسەیەکی جەوهەری لابردووە. جەختی لەوەش کردەوە، بایەخ بە ڕێژەی دەرچوون لە قوتابخانەکان دەدەن.

ئالان حەمەسەعید، لەبارەی وەرگرتنەوەی نمرەی قوتابییان، گوتی: دوای تاقیکردنەوەکان، بە ڕێگەی دیجیتاڵی نمرەکان بە قوتابییەکان دەدرێنەوە.

لەبارەی ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوە دا، 1ـی مانگی حوزەیران تاقیکردنەوەکان دەست پێ دەکەن، بەر لە جەژن دوو تاقیکردنەوە دەکرێن، ئەوانەی ماوە دەکەونە دوای جەژن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی قوتابییە، کاتێکی زیاتریان دەبێت بۆ خوێندن و پێداچوونەوەی وانەکان.

وەزیری پەوەردە، لە ڕێگەی شاشەی کوردستان24ـەوە، دایک، باوک و قوتابییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: لە مانگی 9ـی ساڵی 2026، نەك مانگی 9ـی ساڵی 2025، ڕەنگ و دیزاینی جلوبەرگی هەموو ناوەندەکانی خوێندن، لە پاخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی ئامادەیی دەگۆڕدرێن.

هاوکات لەبارەی هەژمارکردنی نمرەی پۆلەکانی 10 و 11 بۆ پۆلی 12، ئالان حەمەسەعید، ئاشکرای کرد، هەژمارکردنی نمرەی پۆلەکانی 10 و 11 بۆ پۆلی 12 ئارەزوومەندانەیە، واتە ئەگەر لە بەرژەوەندیی قوتابییەکە بوو بۆی هەژمار دەکرێت، ئەگەر لە بەرژەوەندیی نەبوو بۆی هەژمار ناکرێت.

ئالان حەمەسەعید، باسی لە مامۆستایانی وانەبێژ کرد و ڕوونی کردەوە، سەرۆک وەزیران هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کردە گرێبەست. گوتیشی: دۆخی دارایی ڕێگە بدات وانەبێژی نوێ دادەمەزرێنین.

 
 
Fly Erbil Advertisment